بانکی جیهانی: دەکرێت شەڕ و گرژییەکان نرخی نەوت بگەیێننە 157 دۆلار

30-10-2023
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بانکی جیهانی هۆشداریی دەدات لەوەی شەڕی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و شەڕی ئۆکراینا "شۆکێکی دووانە"ـی وزە دروست بکەن و دەشڵێت، لە خراپترین سیناریۆدا رەنگە نرخی بەرمیلێك نەوت بگاتە 157 دۆلار.

بانکی جیهانی، ئەمڕۆ دووشەممە، 30ـی تشرینی یەکەمی 2023، لە راپۆرتێکدا هۆشداریی داوە لە ئەگەری فراوانبوونی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسەوە، رەنگە "شۆکی نرخەکان" لە کەرەستە خاوەکانی وەک نەوت و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دروست ببێت.
 
لەگەڵ دەستپێکی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە لە 7ـی ئەم مانگە، نرخی نەوت 6٪ بەرزبووەتەوە.
 
ئیندەرمیت گیل، سەرۆکی ئابووریی بانکی جیهانی دەڵێت، ململانێی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە کاتێکدایە کە شەڕی ئۆکراینا گوشاری خستووەتە سەر بازاڕەکان و ئەو شەڕە "گەورەترین شۆک بووە بۆ بازاڕی کاڵاکان لە دوای حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە."
 
گیل لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، شەڕی ئۆکراینا کاریگەری تێکدەرانەی لەسەر ئابووریی جیهانی هەبووە، کە تاوەکو ئەمڕۆش بەردەوامە.
 
ئەو ئابووریناسە دەشڵێت، "سیاسەت داڕێژەران دەبێت وریا بن. ئەگەر بێت و ململانێکان بەرەو هەڵکشان بچن، ئابووریی جیهان بۆ یەکەمجار لەدوای دەیان ساڵ رووبەڕووی شۆکێکی دووانەی وزە دەبێتەوە" بەهۆی هەردوو شەڕی ئۆکرانیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
 
بانکی جیهانی باس لەوە دەکات، ئێستا ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخەکان لەئارادایە و دەوەستێتە سەر نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان و هەناردەکردنی. گوتیشی، لە سیناریۆیەکی گەشبینانەدا، ئەگەر هەیە نرخی نەوت 3٪ بۆ 13٪ بەرزببێتەوە و هەر بەرمیلێک نەوت [ـی برێنت] لە 93 بۆ 102 دۆلار جێگیر ببێت.
 
بانکەکە دەشڵێت، سیناریۆی مامناوەندیش ئەوەیە نرخی نەوت بگاتە 121 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك و لە خراپترین سیناریۆشدا رەنگە بگاتە نێوان 140 بۆ 157 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك و رەنگە بگاتە بەرزترین ئاست کە لەدوای ساڵی 2008ـەو نەبینرابێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە