لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە مامەڵەکردن لە هەموو دەروازەکان بە دینار دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، "لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە هەموو مامەڵەکان لە دەروازەکان دەبێتە دینار. ئیدی هەموو مامەڵە حکومییەکان واتە لە هەر شوێنێک حکومەت پارە وەربگرێت، دینار وەردەگرێت."
رۆژی 16-10-2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، بڕیاردرا وەرگرتنی رەسمی گومرگی و رەسمی باجی گومرگی لە دەروازە سنوورى و خاڵە گومرگییەکان تەنیا بە دینارى عێراقی بێت. هەر ئەوکات بەڕێوەبەری گومرگی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، قۆناخ بە قۆناخ بڕیارەکە جێبەجێ دەکەن و پێوەی پابەند دەبن.
رۆژی دووشەممە (30-10-2023) ساماڵ عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی ھەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە بڕیارەکە لە هەموو دەروازەکان جێبەجێ دەکرێت و مامەڵەکە بە دینار دەبێت."
ساماڵ عەبدولرەحمان دەڵێت "زۆربەی دەروازەکان بە دینار مامەڵەیان کردووە، بەڵام پێشتر هەندێک دەروازەشمان هەبوو کە تێیاندا مامەڵە بە دۆلار بوو."
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، "بە نرخی فەرمی بانکی ناوەندیی عێراق مامەڵە دەکەین. پێشتریش ئەو نرخە جێبەجێکراوە؛ لە نێو مەنەفێستەکانیش دیاریکراوە و راستەوخۆ دەگۆڕێت، واتا ئەگەر کەسێک هەزار دۆلاری هەبێت راستەوخۆ دەبێتە ملیۆنێک و 300 هەزار دینار. ئیدی هەموو مامەڵە حکومییەکان واتە لە هەر شوێنێک حکومەت پارە وەربگرێت بۆ هەموو مامەڵەکان دینار وەردەگرێت."
بە گوتەی ساماڵ عەبدولرەحمان، بڕیارەکە لە عێراقەوە دەرکراوە و هەرێمی کوردستانیش پابەند دەبێت.
حکومەتی عێراق دەیەوێت کۆنترۆڵی بردنەدەرەوەی دۆلار بکات بۆ وڵاتانی دراوسێ، ئەوەش بۆ رێگریکردن لە سپیکردنەوەی پارە، هەروەها کۆنترۆڵکردنی بەهای دۆلار و دینار، گۆڕینی مامەڵە گومرگییەکان لە دەروازەکانەوە لە دۆلارەوە بۆ دینار، یەکێکە لە هەنگاوەکان.