رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند مانگی ئابی رابردوو بایی زیاتر لە 9 ملیار و 688 ملیۆن دۆلار نەوتیان فرۆشتووە، کە بەروارد بە مانگی پێشتر داهاتەکە بە بڕی 679 ملیۆن و 449 هەزار دۆلار کەمیکردووە، ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت یەکێک لە هۆکارەکان دابەزینی نرخی نەوتە.
رۆژی پێنجشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2022، وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، "مانگی ئاب بڕی 101 ملیۆن و 859 هەزار و 528 بەرمیل نەوتمان هەناردە کردووە، کە داهاتەکەی 9 ملیار و 688 ملیۆن و 903 دۆلار بووە."
لە کێڵگەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق 100 ملیۆن و 750 هەزار بەرمیل نەوت و لە کێڵگەکانی نەوتی کەرکووکەوە یەک ملیۆن و 109 هەزار و 528 بەرمیل هەناردە کراوە.
وەزارەتی نەوتی عێراق مانگی ئاب هەر بەرمیلێک نەوتی هەناردەکراوی بە 95 دۆلار و 12 سەنت فرۆشتووە و 32 کۆمپانیای جیهانی نەوتەکەیان لە بەندەرەکانی بەسڕە و خۆر عومەییە و بەندەری جەیهان و کەنداوەوە بارکردووە.
هەرچی مانگی تەممووزی ئەمساڵە، عێراق 10 ملیار و زیاتر لە 368 ملیۆن دۆلاری لە هەناردەکردنی 102 ملیۆن و 385 هەزار و 49 بەرمیل نەوت دەستکەوتبوو، نرخی بەرمیلێک نەوتی هەناردەکراویش 101 دۆلار و 26 سەنت بوو.
بە بەراوردکردنی داهاتی مانگی ئاب لەگەڵ داهاتی مانگی تەممووز دەرکەوێت داهاتی نەوتی عێراق لە مانگی ئابدا بە بڕی 679 ملیۆن و 449 هەزار دۆلار کەمی کردووە.
زورغام مالیکی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2022، لەبارەی هۆکارەکانی کەمبوونەوەی داهاتەکانی نەوتی عێراقەوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هۆکاری دابەزینی داهاتەکانی نەوتی عێراق دوو خاڵی سەرەکییە، یەکەمیان دابەزینی نرخی نەوتە لەسەر ئاستی جیهان، دووەمیشیان کەمبوونەوەی ئاستی هەناردەکردنی نەوتی عێراقە کە بەهۆی چاکسازییەکانیەوە بۆ لە کێڵگەکانی نەوت".
ئەندامەکەی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە دا، لەسەر کەمبوونەوەی داهاتی نەوت، داوای روونکردنەوەی زیاتریان لە وەزارەتی نەوتی عێراق کردووە.
سەرەتای ئەم مانگە عەلا یاسری، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی نیشتمانی - سۆمۆ - بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی ئاب، داهاتی دارایی عێراق لە فرۆشی نەوت نزیکەی 82 ملیار دۆلار بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ