خواردنگەیەکی شێف نوسرەت لە ئەمریکا داخرا

 
رووداو دیجیتاڵ
 
بە بڕیاری تیمەکانی تەندروستی، خواردنگەی نوسرەت گۆکچە لە ویلایەتی ماساچووسیتسی ئەمریکا، بەهۆی پابەندنەبوونی بە رێنماییەکانی تایبەت بە خۆپاراستن لە کۆرۆنا سزادرا. 
 
نوسرەت گۆکچە؛ شێفە کوردەکەی خەڵکی ئەرزەڕۆمی باکووری کوردستان کە بە ''جووڵەی خوێ'' ناسراوە، چەندین خواردنگەی لە شار و وڵاتە جیاوازەکانی جیهاندا هەیە. نوسرەت بە نمایشی ئامادەکردنی گۆشت بەناوبانگە و هەواداری زۆرن.
 
نوسرەت بەردەوامە لە کردنەوەی لقی زیاتری خواردنگەکانی، رۆژی 18ی ئەیلوولی 2020 خواردنگەیەکی لە شاری بۆستن سەر بە ویلایەتی ماساچووسیتسی ئەمریکا کردەوە کە لە ماوەیەکی کەمدا وەکو پڕفرۆشترین خواردنگە ناسرا. بەڵام دوای چەند رۆژێک و لەمیانی بەسەرکردنەوەی ئەو خواردنگەیە لەلایەن تیمەکانی چاودێریی تەندروستییەوە، پۆلیسی ئەمریکا دەرگای خواردنگەکەی نوسرەتیان داخست و رایانگەیاند کە رەچاوی مەرجی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا نەکراوە. هاوکات تیمەکانی پۆلیس جەختیانکردووەتەوە کە خواردنگەکەی نوسرەت گۆکچەک رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە.
 
پێشتر چەند رۆژنامەیەکی ویلایەتەکە ناڕەزاییان نیشاندابوو لەوەی کە بەشێک لەو میوانانەی چوونەتە خواردنگەکەی نوسرەت، دەمامکیان نەبەستووە.