رووداو دیجیتاڵ
بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار کرد، وەزیری کارەبا دەڵێت بەرهەمی کارەبا لە 19 هەزار مێگاواتەوە بۆ زیاتر لە 27 هەزار مێگاوات زیادیکردووە.
زیاد عەلی فازڵ، وەزیری کارەبای عێراق رایگەیاند: "کاتێک ئێمە وەزارەتی کارەبامان وەرگرت ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا 19 هەزار مێگاوات بووە، ئێستا ئەو ژمارەیە بۆ 27 هەزار و 40 مێگاوات زیادیکردووە، واتە بەرهەمهێنانی کارەبا 40٪ زیاد بووە."
وەزیری کارەبای عێراق رۆژی دووشەممە، لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناخەی دوو پڕۆژەی کارەبا بوو لە نەجەف کە محەممەد شیاع سوودانی کردییەوە، ئەو گوتی: "بۆ رێکخستنەوەی کەرتی کارەبا لە زیاتر لە رەهەندێک کارمان کردووە، ئەوانیش بەرهەمهێنان، گواستنەوە و دابەشکردن، ئەمڕۆ بۆ یەکەمجارە گرێبەستێکی چاککردنەوەی درێژخایەن لەگەڵ کۆمپانیاکانی نێودەوڵەتیی بەرهەمهێنەری وێستگەکان دەکرێت."
زیاد عەلی فازڵ باسی لەوە کرد، سەرباری هەوڵەکانیان، عێراق ئەم هاوینە رووبەڕووی ئاڵنگاری بووەتەوە بەتایبەت لە کەرتی دابەشكردن، قەبارەی باری زیادی کارەبا بەبەراورد بە ساڵی رابردوو 20٪ زیادیکردووە، ئەوەش وایکردووە گوشار لەسەر تۆڕەکان هەبێت، بەتایبەت لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما.
پڕۆژەی فراوانکردنی کارەکانی هەردوو پڕۆژەی حەیدەرییە و نەجەفی گازی، لەو پڕۆژانە بوون کە سەرۆکوەزیرانی عێراق لە نەجەف کردنییەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ