نرخی نەوت نزیکە لە یەکەم بەرزبوونەوەی مانگانە و زێڕیش 30 دۆلار دابەزیوە


رووداو دیجیتاڵ 

نرخی نەوت لە کۆتا رۆژی هەفتەدا جێگیرە و نزیکە لەوەی یەکەمین بەرزبوونەوەی مانگانە تۆماربکات لە ئەمساڵدا.
 
رۆژی هەینی 30.6.2023، نرخی نەوتی برێنت 61 سەنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێك بە 74.57 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت. نرخی نەوتی سووکی ئەمریکاش 29 سەنت بەرزبووەوە و بەرمیلێك بە 69.83 دۆلارە.
 
لەم مانگەدا نرخی نەوت 2.5٪ بەرزبووەتەوە، بەڵام لەسەر ئاستی چارەکانە و لە چارەکی دووەمدا، نرخی نەوتی برێنت نزیکەی 6٪ و، نرخی نەوتیش نزیکەی 7٪ دابەزیون.
 
رۆژی چوارشەممە کارگێڕیی زانیاریی وزەی ئەمریکا رایگەیاند، لە هەفتەی سێیەمی ئەم مانگەدا تاوەکو رۆژی 23ـی مانگ، ئاستی نەوت لە کۆگەکانی ئەمریکا 9.6 ملیۆن بەرمیل دابەزیوە، ئەوەش زۆر زیاترە لە 1.8 ملیۆن بەرمیل کە شارەزایان پێشبینییان دەکرد.
 
هاوکات حکومەتی ئەمریکا خەمڵاندنی خۆی بۆ گەشەی ئابووریی وڵاتەکە لە چارەکی یەکەمدا لە 1.3٪ـەوە بۆ 2٪ بەرزکردەوە.
یێپ یون رۆنگ، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای IG دەڵێت، "بەرزکردنەوەی خەمڵاندنی گەشەی ئابووریی ئەمریکا یەکێکە لە سوپرایزە ئابوورییەکانی ئەمدواییانەی وڵاتەکە و بەهێزیی ئابووریی ئەو وڵاتە لانیکەم بۆ ئێستا، بەشێک لەو شڵەژانە کەمدەکاتەوە کە بەهۆی ترسی پاشەکشەی ئابوورییەوە دروستبووە." 
 
هاوکات ترسی زیادکردنی سوودی بانکی و لاوازیی ئامارە ئابوورییەکانی چین رێگربوون لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوت.
 
نرخی زێڕ 30 دۆلار لەم هەفتەیەدا دابەزیوە
 
ئەمڕۆ هەینی، نرخی زێڕ 3.38 دۆلار دابەزی و هەر ئۆنسەیەک بە 1904 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
لە سەرەتای ئەم مانگەوە تاوەکو ئێستا نرخی زێڕ 2.5٪ـی نرخەکەی لەدەستداوە و نرخی هەر ئۆنسەیەک لە 1934 دۆلارەوە بۆ 1904 دۆلار دابەزیوە.
 
هاوکات دوێنێ پێنجشەممە، نرخی زێڕ بۆ نزمترین ئاست لە شەش مانگی رابردوودا دابەزی و هەر ئۆنسەیەک بە 1893 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
دابەزینی بەرچاوی نرخی زێڕ دوای ئەوە هات حکومەتی ئەمریکا رایگەیاند، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا کۆی بەرهەمی نێوخۆیی وڵاتەکە 2٪ بەرزبووەتەوە، لەکاتێکدا پێشتر رایانگەیاندبوو، 1.2٪ گەشەی کردووە. ئەمەش نرخی پێنوێنی دۆلاری بەرامبەر دراوە سەرەکییەکانی دیکە و نرخی بۆندەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکای بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزکردەوە و کاریگەریی نەرێنیی لەسەر زێڕ دانا.
 
هاوکات جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاندووە، رەنگە لە ئەمساڵدا دوو جاری دیکە سوودی بانکی بەرزبکەنەوە و جاری داهاتووش لە کۆبوونەوەی مانگی داهاتووی لیژنەی بازاڕی کراوەی بانکەکە بێت کە رۆژانی 25 و 26ـی تەممووز کۆدەبێتەوە.