دانەگاز: لەگەڵ هاوبەشەکان دەستمان بە رێکارەکانی بەرهەمهێنانەوەی گاز لە کۆرمۆر کردووە
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای دانەگاز بە رووداوی راگەیاند، لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ دەستیان بە رێکارەکانی دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی گاز کردووەتەوە.
رۆژی سێشەممە 30-04-2024 کۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی بە رووداوی راگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق رێوشوێنی باشتریان بۆ پارێزگاری لە کێڵگەی کۆرمۆر گرتووەتەبەر.
کۆمپانیا ئیماراتییەکە دەڵێت، "لەدوای گرتنەبەری رێكاری باشتر لەلایەن حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پتەوترکردنی رێکارە بەرگرییەکان لە کێڵگەی کۆرمۆر و هەبوونی پابەندییەکی پتەو لەسەر ئاستی باڵای دەسەڵاتداران، دانەگاز لەگەڵ هاوبەشەکانی دەستی بە رێکارەکان بۆ بەرهەمهێنانەوەی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر کردەوە."
رۆژی هەینی 26ی نیسان، لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر کێڵگەکە بەرهەمهێنانی گاز وەستا.
دانەگاز باس لە هەنگاوەکانی بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی گاز دەکات و دەڵێت، "ئەم هەنگاوانە قۆناخ بە قۆناخ دەبن و رێکارە نوێییەکانیش بەشێوەیەک دەگیرێنەبەر کە هەموو دڵنیاییەک بۆ سەلامەتی سەرجەم کارمەندان و ئامێرەکانی کێڵگەکە بگیرێتەبەر."
هاوکات هەر ئەمڕۆ سێشەممە، سامان حاجی فایەق، خاوەنی کۆمپانیای ساوز کوردستان کە دابەشکردنی گازی کێڵگەکە لە هەرێمی کوردستان لە ئەستۆی ئەو کۆمپانیایەدایە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارە ئەمشەو بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر دەستپێبکاتەوە و گوتیشی، "بارهەڵگریان رەوانەی کێڵگەکە کردووە بۆ ئەوەی ئەمشەو گازی شل باربکەن."
کێڵگەی کۆرمۆر لە شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، گەورەترین کێڵگەی گازە لە هەرێمی کوردستان. گازی وێستگەکانی کارەبای هەرێمی کوردستان دابین دەکات.