کێڵگەی کۆرمۆر لەنێوان هەڕەشەی درۆن و خواستی وەبەرهێنەرانی بیانی

30-04-2024
لهۆن نەسرەدین
نیشانەکردن کێڵگەی گازی کۆرمۆر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کێڵگەی کۆرمۆر لە شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، گەورەترین کێڵگەی گازە لە هەرێمی کوردستان. گازی وێستگەکانی کارەبای هەرێمی کوردستان دابین دەکات.
 
لە سەرەتای دەستپێکردنی پرۆژەی گازی کوردستان لە ساڵی 2007، گرنگیی تایبەت بە کێڵگەی کۆرمۆر درا، هەردوو کۆمپانیای ئیماراتی "دانە گاز" و "نەوتیی هیلال" گرێبەستی پەرەپێدان، بەرهەمهێنان، بەبازاڕکردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکانی ئەو ناوچەیەیان واژۆکرد.
 
رووبەری کێڵگەی کۆرمۆر نزیکەی 135 کیلۆمەتر دووجایە؛ گەورەترین کێڵگەی بەرهەمهێنانی گازە لە عێراق. یەدەگەکەی بە سەرووی 8.2 تریلیۆن پێ سێجا مەزەندە دەکرێت.
 
بڕی بەرهەمی رۆژانەی 550 ملیۆن پێ سێجا لە "گازی وشک" و 15 هەزار بەرمیل لە "پێکهاتە چڕکەرەوەکان" و نزیکەی هەزار تۆن لە "گازی نەوتیی شل"ـە. گازی بەرهەمهێنراو لە کۆرمۆر بەشی بەرهەمهێنانی رۆژانە 4 هەزار و 200 مێگاوات کارەبا دەکات، دوو هەزار و 800 مێگاواتی دەدرێتە هەرێمی کوردستان، ئەوەشی دەمێنێتەوە دەدرێتە کەرکووک و موسڵ.
 
گازی کۆرمۆر بە بۆری رەوانەی هەردوو وێستگەی کارەبای چەمچەماڵ و هەولێر دەکرێت و لە 67٪ـی خواستی هەرێمی کوردستان بۆ کارەبا دابین دەکات.
 
کێڵگەی کۆرمۆر و وەبەرهێنەرەرە بیانییەکان
 
قەبارە و یەدەگی کۆرمۆر و خەمڵاندنە جیۆلۆجییەکانی، پێگەیەکی گرنگ دەبەخشنە ئەو کێڵگەیە بە جۆرێك سەرنجی کۆمپانیا وەبەرهێنەرە بیانییەکانی راکێشاوە؛ ژمارەیەک کۆمپانیا پشکیان لە کۆرمۆردا هەیە، دانەگاز و هیلالی ئیماراتی هەر یەکێکیان 35٪ و هەر سێ کۆمپانیای ئۆ ئێم ڤی؛ ئێم ئۆ ئێل و ئاڕ دەبلیوو ئی؛ پشکی 10٪ـیان لە کۆرمۆر هەیە.
 
کۆرمۆر و تێڕوانینێك بۆ داهاتووی بەرهەمهێنان
 
فراوانکردنی توانای بەرهەمهێنانی کۆرمۆر هەمیشە بەشێک بووە لە سیاسەتی جیۆلۆجیی کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکان بە جۆرێك لە لایەک ببێتە سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ دابینکردنی گازی پێویست بۆ وەبەرهێنانی کارەبای ناوچەکە، لەلایەکی دیکەوە وەبەرهێنانی زیاتری تێدا بکرێت و قەبارەی گازی بەرهەمهێنراوەکەی زیاتر بێت.
 
لە ساڵی 2023 ئامانجی بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر بە سەرووی 630 ملیۆن پێ سێجا دانرا؛ کارکردن بۆ گەیشتن بەو ئامانجە 250 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانکرا، کە لەلایەن کۆمپانیای ئەمریکی بۆ "پارەدارکردن و پەرەدان" دابین دەکرێت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای ئەمریکی "ئێکستران". 
 
عێراق و کڕینی گازی کۆرمۆر
 
ئەحمەد عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، راگەیاند "حکومەتی عێراق دەیەوێت سوود لە گازی کێڵگەی کۆرمۆر وەربگرێت، لە وەرزی هاوین سوودی لێ وەردەگیرێت یان گازی کۆرمۆر دەکڕین بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای ناوچەی باکووری عێراق." 
 
بە گوتەی عەبادی "کوالێتیی گازی کۆرمۆر زۆرباشە" بەغدا سوورە لەسەر کڕینی گازەکە و دابینکردنی خواستی ناوچەکانی باکوور لە گاز.
 
بە ئامانجکردنی کێڵگەکانی کۆرمۆر
 
رۆژی هەینی، 26-4-2024، بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر؛ بە گوتەی رەمک رەمەزان، قایمقایمی چەمچەماڵ، چوار کرێکاری بیانی گیانیان لەدەستدا و دووی دیکەش بریندار بوون.
 
رەمەزان راشیگەیاند، ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج، هەمان ئەو شوێنەیە کە جاری پێشوو هێرشی کرایە سەر و شوێنەکە لەژێر نۆژەنکردنەوەدا بوو.
 
هێرشی پێشوو شەوی 25-01-2024 روویدا و سەرچاوەیەکی باڵا لە قەزای چەمچەماڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو نزیکەی کاژێر 10:45ـی شەوی 25ـی کانوونی دووەم هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر و بەهۆیەوە کۆگەیەکی هەڵگرتنی سووتەمەنی گڕیگرت و سووتا.
 
دوای هێرشەکەی رۆژی 26ـی نیسان؛ لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا وەزارەتەکانی کارەبا و سامانە سرووشتییەکان رایانگەیاند، بەرهەمهێنانی کارەبا 2 هەزار و 500 مێگاوات کەمبووەتەوە.
 
کۆرمۆر و سەرکۆنەکان
 
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە رێگەی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و وەزارەتی دەرەوە سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد.
 
ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق گوتی "بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکەین. ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پشتیوانیکردنی ئاسایش، سەقامگیری و سەروەریی عێراق."
 
ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش لە راگەیێندراوێکدا گوتی "هێرشەکە سووکایەتییە بۆ سەر سەروەریی عێراق. داوا لە بەرپرسان دەکەین لێکۆڵینەوە بکەن و ئەنجامدەرانی هێرشەکە رووبەڕووی بەرپرسیاریێتی بکەنەوە."
 
ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی "سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەین. سەرەخۆشی لە خێزانی قوربانییەکان دەکەین و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین."
 
ئۆنجو کەچەلی، گوتەبیژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 28-4-2024، لەبارەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە "هەینیی رابردوو کێشەی ئەمنی لە کێڵگەی گازیی کۆرمۆر دروستبوو، کە لە شارۆچکەی چەمچەماڵی سەر بە سلێمانییە لە عێراق. ئێستا وا دیارە دۆخەکە ئارامە".
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هەروەها جەختی کردووەتەوە، کۆمپانیا تورکییەکانیش لە کێڵگەی کۆرمۆر کاردەکەن و لەبارەی داواکاری بۆ گواستنەوەی هاووڵاتیانی تورکیا دەڵێت، کۆنسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر لەسەر هێڵە "ئەوەی پێویستە کردوویەتی."
 
ئێستا چی؟
 
لە دوای هێرشەکە، کۆمپانیای دانەگاز" وەستاندنی کاتیی" بەرهەمهێنانی گازی راگەیاند؛ گوتیشی "رێكارە ئەمنییەکان تووندترکراون تاوەکو رێگری لە کردەی تیرۆریستی دیکە بکرێت و لەسەر ئاستێكی بەرز هاوئاهەنگییان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کردووە تاوەکو بە زووترین کات دەست بە بەرهەمهێنانەوەی گاز بکەن." 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەمڕۆ نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەڕیژەی 0.3٪ بەرزبووەوە

چوار رۆژە نرخی زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە؛ یەک ئۆنسە بە 2667 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا

نرخی زێڕ بۆ ماوەی چوار رۆژە بەردەوامە لە بەرزبووەنەوە، فراوانبوونی زیاتری جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا، خواستی لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە بۆ کڕینی کانزای زەرد زیادکردووە.