رۆیتەرز: دەبێت هەرێمی کوردستان بایی 6 ملیار دۆلار نەوتی خاو بداتە ژمارەیەک کۆمپانیا
رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی رۆیتەرز راگەیاند، هەرێمی کوردستان پێشوەختە بڕی شەش ملیار دۆلاری لە ژمارەیەک کۆمپانیا وەرگرتووە بۆ ئەوەی لە بەرامبەردا نەوتی خاویان پێبدات، بەڵام ئێستا هەناردەی نەوت وەستاوە.
رۆژی پێنجشەممە، 30ـی ئاداری 2023، ئاژانسی رویتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکی بازرگانی رایگەیاند، راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان مانای ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان "ناتوانێت بە دابینکردنی نەوتی خاو قەرزەکانی بداتەوە، کە شەش ملیار دۆلارە" دەشڵێت: پلانی جێگرەوە بۆ دانەوەی قەرزەکان دانەنراوە.
ئەوە لەکاتێکدایە کە رۆژی شەممە، 25ـی ئادار، بە بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کورستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا راگیرا، کە رۆژانە 450 هەزار بەرمیل بوو. ئەوەش دوای ئەوەی عێراق دۆسیەیەکی ناوبژیوانی بردەوە کە تێیدا رایگەیاندبوو "تورکیا رێککەوتنێکی پێشێلکردووە بە رێگەدان بە هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنی نەوت بەبێ رەزامەندی بەغدا."
بەگوێرەی سەرچاوە بازرگانییەکانی رۆیتەرز، هەریەکە لە کۆمپانیاکانی ڤیتۆلی بازرگانی جیهانی و پێتراکۆ کە بەشێکن لە کۆمپانیاکان، نزیکەی 750-800 ملیۆن دۆلاریان پێشوەختە داوەتە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لە بەرامبەردا هەرێمی کوردستان نەوتی خاویان پێبدات.
کۆمپانیای ڤیتۆل، کۆمپانیایەکی بواری وزەی هۆڵەندییە کە بنکەی سەرەکیی لە ژنێڤی سویسڕایە. داهاتی لەسەر ئاستی جیهاندا، لە ساڵی 2022 دا 505 ملیار دۆلار بووە. هەرچی کۆمپانیای پێتراکۆ یە، کۆمپانیایەکی بواری نەوتە و لە هەریەکە لە سویسڕا و سەنگاپوور بنکەی هەیە.
دوای بڕیارەکەی دادگەی پاریس، هەرێمی کوردستان دەستیکردووە بە گوتوبێژ لەگەڵ بەغدا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت.
راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە جیهان، بەو پێیەی نزیکەی 0.5%ی دابینکردنی نەوتی جیهانی پێکدەهێنێت و سەرچاوەیەکی گرنگی نەوتی خاوە بۆ پاڵاوگەکانی دەریای نێوەڕاست.
هاوکات، بەشێک لە کۆمپانیاکانی نەوت لەم هەفتەیەدا دەستیان کردووە بە راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، بەشێکیشیان رایانگەیاندووە کە بەشی چەند رۆژێک توانای کۆگاکردنیان هەیە و دوای ئەوەی کە کۆگاکانیان پڕبوون، ناچاردەبن بەرهەمهێنان بوەستێنن.