نرخی زێڕ بۆ خوار 1960 دۆلار دابەزی


رووداو دیجیتاڵ 

نرخی زێڕ بەردەوامە لە دابەزین؛ بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا هەر ئۆنسەیەکی بە رێژەی 0.3٪ دابەزی و بە 1959 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بە رێژەی 0.4٪ دابەزی و بە 1976 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
بەرزبوونەوەی سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا و بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخی زێڕن. بەوپێیەش بۆ دوو رۆژی یەک لە دوای یەک بەهای زێڕ بەردەوامە لە دابەزین.
 
هەفتەی رابردوو نیگەرانی لە کێشە بانکییەکانی ئەمریکا کە بەدەست کەمی نەختینەوە دەناڵێنن، نرخی زێڕی بەرزکردەوە بۆ سەرووی 2000 دۆلار.
 
بەپێی شارەزایانی دارایی، کێشە بانکییەکانی ئەم دواییە کە لە ئەمریکا سەریان هەڵداوە، بەزۆری لەبەر خراپیی بەڕێوەبردنی مەترسییەکان بووە و دواجار کەرتی بانکی هێندە بەهێزە کە دەتوانێت بەرگەی قەیرانی نەختینە بگرێت.