نرخی مریشک بەرزدەبێتەوە

 رووداو - سلێمانی

بڕیارە دوای نزیكەی چوار مانگ لە وەستانی هەناردەکردنی مریشک بەهۆی ئەگەری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئەنفلەوانزای پەلەوەر، لە رۆژانی داهاتوودا هەناردەکردن دەستپێبكاتەوە، ئەمەش كاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی مریشك دەبێت لە هەرێمی كوردستاندا. 

شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی باس لە وادەی دەستکردن بە هەناردەکردنی مریشک بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵی "  بڕیاردەدەین لە رۆژانی داهاتوو دەستبکەینەوە بە هەناردەکردنی بەروبوومە پەلەوەرییەکان لە گۆشت و هێلکە و شتی دیکە".
 
لیژنەكانی بازاڕی سەر بەقایمقامییەتی سلێمانی بەردەوام لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی بازاڕدان تاوەکو فرۆشیاران نرخی كاڵاكان بەرزنەكەنەوە، بەڵام بۆ فرۆشتنی مریشك ئەو لیژنەیە پێیوایە نرخی 3500 دینار بۆ هەر كیلۆ مریشكێك نرخێكی ئاسایە.
 
سۆران محەممەد، بەڕێوەبەری چاودێریی بازاڕ دەڵێ " پێشبینی دەکەین نرخی کیلۆیەک مریشک بەرزببێتەوە و داواکارین ئاسانکاری بکرێت بۆ برا بازرگانەکان، ئەوانەی دەتوانن جوجکە بێنن لە ئێران شوێنی دیکەوە بیهینن بۆ ئەوەی بتوانین سێکتەری پەلەوەر بەرەو پێشەوە ببەین".

لەماوەی رابردوودا نرخی یەك كیلۆ مریشك بۆ 1600 دینار دابەزی هاتنی نەورۆزیش نەیتوانی گۆرانكاری لە نرخەكەدا بكات.

بەپێی داتاكانی وەزارەتی كوشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكان زیاترلە 1300 كێڵگەی مریشك لە هەرێمی كوردستاندا هەن، کێڵگەکان رێژەی بەرهەمهێنانیان زیاترە لە پێداوستی ناوخۆ بۆیە رۆژانە نزیكەی 2500 تۆن مریشک رەوانەی دەرەوەی هەرێمی كوردستان دەكرێ.