رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گومرگی ورمێ رایگەیاند، هەناردەکردنی شتومەک لە رێگەی گومرگ و دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکەوە 62٪ زیادیکردووە و لە 10 مانگی رابردوودا بە بەهای 4.1 ملیار دۆلار، شتومەک هەناردەکراوە.
خالید جەنگجو، بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 30-1-2025) ئاماری 10 مانگی هەناردەی کاڵا و خۆراکی لە رێگەی گومرگ و دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایە بڵاوکردەوە.
بەگوتەی بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای ورمێ، لەو ماوەیە زیاتر لە 4.9 ملیۆن تۆن کەلوپەل بە بەهای زیاتر لە 4.1 ملیار دۆلار لە گومرگ و دەروازە سنوورییەکانی پارێزگای ورمێوە هەناردە کراون.
خالید جەنگجو گوتی، لەو بڕە 1.6 ملیار دۆلار هەناردەی بەرهەمە ناوخۆییەکانی پارێزگای ورمێ بووە و 2.5 ملیار دۆلاریش هەناردەی بەرهەم و شتومەکی پارێزگاکانی دیکە بووە. گوتیشی، بەراورد بە پار، هەناردەی پارێزگاکە لەڕووی نرخەوە 62٪ و لەڕووی کێشەوە 26٪ زیادیکردووە.
پارێزگای ورمێ سنووری هاوبەشی لەگەڵ تورکیا، هەرێمی نەخچیڤانی سەر بە کۆماری ئازەربایجان و هەرێمی کوردستان دا هەیە، زۆربەی هەناردەی ئەو پارێزگایە بۆ تورکیا و هەرێمی کوردستانە.
لەو پارێزگایە، شەش دەروازەی سنووریی فەرمی هەن کە سێیان (بازرگان، رازی و سێرو) لەگەڵ باکووری کوردستان و تورکیان، دەروازەیەک (سەنەم بۆلاغی پۆلدەشت) لەگەڵ کۆماری خۆبەڕێوەبەری نەخجیڤانی سەر بە ئازەربایجان و دەروازەی تەمەرچین-حاجی ئۆمەران و دەروازەی سنووریی کێلێ، لەگەڵ هەرێمی کوردستانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ