رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای مێتا، گەورە کۆمپانیای خاوەنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فەیسبووک، ئینستاگرام و وەتسئەپ، راپۆرتی دارایی ساڵی 2024ـی بڵاوکردەوە.
بەپێی کۆمپانیای مێتا، داهاتی کۆمپانیاکە لە 2024ـدا 164.5 ملیار دۆلار بووە کە بەراورد بە ساڵی 2023 بەڕێژەی 22٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
لەو بڕە، 62.36 ملیار دۆلاری پوختەی قازانجی کۆمپانیاکە بووە، ئەمەش بەراورد بە ساڵی 2023 بەڕێژەی 59٪ بەرزبووەتەوە.
بەرزبوونەوەی نرخی ریکلام و داهاتی ریکلامی کۆمپانیای مێتا بەڕێژەی 10٪، هۆکاری بەرزبوونەوەی داهاتەکانی کۆمپانیای مێتا بووە.
کۆمپانیای مێتا، هەوڵدەدات دڵی ئیدارەی نوێی ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەدەستبهێنێت و لە چەند هەفتەی رابردوودا بۆ ئەوەی هاوتەریب بێت لەگەڵ سیاسەتەکانی ترەمپ. مێتا بەرنامەی (فاکت چێکینگ - پشتڕاستکردنەوە)ـی لادا بۆ ئەوەی بەگوێرەی خۆیان رێگە بە بڵاوبوونەوەی بیروڕای ئازاد بدەن.
مارک زووکەربێرگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای مێتا رایگەیاند، لە 2025ـدا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەت باشتر دەکەن.
لە مانگی 12ـی ساڵی 2024ـدا ژمارەی بەکاربەرانی چالاکیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی مێتا زیادیکرد بۆ 3.35 ملیار بەکاربەر.
مێتا رایگەیاندووە، ئەمساڵ بەبڕی 60 تاوەکو 65 ملیار دۆلار، وەبەرهێنان دەکات بەتایبەتی لە بواری ژیریی دەستکردا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ