سوودانی: پێویستە هەمواری یاسای بودجە بەبێ گۆڕانکاری پەسند بکرێت

30-01-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو  دیجیتاڵ

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی راگەیاند، پێویستە پەرلەمان هەمواری یاسای بودجە بەبێ گۆڕانکاری پەسند بکات. 
 
ئێوارەی چوارشەممە 29-01-2025 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆشکی حکومی میوانداریی سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەی و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی کرد.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سوودانی، لە کۆبوونەوەکەدا بەرنامەی حکومی و گرنگیی پشتیوانیکردنی هەنگاوەکانی حکومەت لە تەواوکردنی پڕۆژە خزمەتگوزاری و ئابوورییەکان تاوتوێ کران، کە پەیوەندییی راستەوخۆیان بە ژیانی هاوڵاتییانەوە هەیە.
 
 هەروەها گفتوگۆ کرا لەسەر چۆنیەتیی بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن بۆ گەیشتن بە ئامانجە گەشەپێدەرەکان.
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، بە لەبەرچاوگرتنی رۆڵی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی وەک بنەمایەکی سەرەکی بۆ جێبەجێکردنی پابەندبوونەکانی بەرنامەی حکومی، باسی ئەو هەموارکردنە کرا کە لەلایەن حکومەتەوە پێشکەش کراوە. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، سوودانی جەختی لە پابەندبوون بەو دەقە کراوەتەوە، کە تایبەتە بە تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت، کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە لە دانیشتنی ژمارە 45 لە 5ی تشرینی دووەمی رابردوو پەسندکراوە.
 
هەروەها لە نووسراوی نوێنەری حکومەت لە پەرلەمان ژمارە 15، کە لە 23ی کانوونی دووەمدا نێردراوە بۆ  پەرلەمان، ئاماژەی پێدراوە، هەمان ئەو دەقەیە لە لیژنەی دارایی پەرلەمانیشدا دەنگی لەسەر دراوە.
 
سوودانی ئاماژەی بەوەش دا پێویستە پەرلەمان ئەم هەموارکردنە بێ گۆڕانکاری پەسند بکات، ئەوەش بۆ تەواوکردنی پلانەکانی گەشەپێدان، بەپێی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی عێراق و ئەو دیدگایەی لەلایەن بەرنامەی حکومییەوە پەسند کراوە.
 
لە لای خۆیانەوە، سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانی و سەرۆکەکانی فراکسیۆنەکان، پشتیوانی خۆیان بۆ پەسندکردنی دەقی حکومیی نێردراو لە هەموارکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی دەربڕی.
 
هەروەها جەختیان لەسەر پشتیوانیی پلان و بەرنامەکانی حکومەت کردەوە، کە بەرژەوەندیی باڵای عێراقییەکان لە هەموو شوێنێکدا بەدیبهێنێت.
 
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دوای کۆبوونەوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیران وردەکاری زۆرباشی بۆ دەنگدان بە پڕۆژەیاسای هەمواری بودجەی عێراق دا، کە ئەمە دەبێتە هۆی زیادکردنی داهاتی حکومەت.
 
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی "فراکسیۆنەکان هاودەنگ بوون بۆ دەنگدان بە هەمواری یاسای بودجە، هاودەنگ بوون بۆ زیادکردنی داهاتی حکومەتی فیدراڵ و هەناردەکردنەوە نەوتی هەرێمی کوردستان."
 
بڕیار بوو لە کۆبوونەوەى 21ـی کانوونى دووەمى 2025، پەرلەمان دەنگ لەسەر هەموارى یاساکە بدات، بەڵام بەهۆى ناکۆکى لەسەرى، دواخرا.
 
هەموارەکە لە مادەی 12ـی تایبەت بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بوو، کە 16 دۆلاری وەکو تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بەرمیلێک نەوت دیاریکردووە، تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتیی راوێژکاری، نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات.
 
هەرێمی کەمال ئاغا گوتی: "بڕیارە لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان دەنگ بە هەموارەکە بدرێت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە