100 دۆلار لە نزیکی 153 هەزار دیناردایە

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمڕۆ بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی زیاتر دابەزی و 100 دۆلار گەیشتە سەروو 153 هەزار دینار، لای ئێوارە لە 152 هەزار و 900 دیناردا جێگیر بوو.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا 100 دۆلار بە 152 هەزار و 200 دینار مامەڵەی پێوەکرا.
 
بە گوتەی حاجی سابیر، لە مامەڵەکانی رۆژدا نرخی دینار لە دابەزیندا بوو و 100 دۆلار گەیشتە 153 هەزار و 300 دینار؛ لەکاتی داخستنیشدا 100 دۆلار بە 152 هەزار و 900 دینار بوو.
 
هاوکات لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی ئەمڕۆ 100 دۆلار لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا بە 152 هەزار دینار و لەکاتی داخستنیشدا بە 152 هەزار و 900 دینار بوو.
 
دوێنێ دووشەممە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، بانکی هودای عێراقی و خاوەنەکەی خستە لیستی سزاکانییەوە. خاوەنی بانکەکە ناوی حەمەد یاسر موسەوییە کە ئەندامی پەرلەمانی عێراقە لەسەر لیستی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کە نووری مالیکی سەرۆکایەتی دەکات.
 
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەبارەی رێکارەکەی رایگەیاند، "ئەو بانکە چەندین ساڵە لە رێگەی دەستگەیشتن بە دۆلاری ئەمریکی، هاوکاری سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکانی نزیکی ئێران لە عێراق وەکو کەتائیبی حیزبوڵڵا و عەسائیبی ئەهلی حەق دەکات"؛ ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو بانکە بووەتە ناوەندێکی هاوکاریی دارایی تیرۆریستان".
 
هەڕەشەکانی ئەمریکا بە هێرشکردنەسەر گرووپە چەکدارەکانی عێراق لە تۆڵەی کوژرانی سێ سەربازی وڵاتەکەی لە ئوردن، بە هۆکارێکی دیکەی ناسەقامگیری و دابەزینی نرخی دینار دادەنرێت.
 
حاجی سابیر دەڵێت، ئێستا پێشبینیی بەرزبوونەوەی نرخی دینار ناکرێت و ئەگەریش هەیە هەر لەم هەفتەیە یان هەفتەی داهاتوو، 100 دۆلار بگاتە 155 هەزار دینار، ئەگەر دۆخەکە ئاڵۆز بێت.
 
لەبارەی نرخی تمەنیشەوە ئەندامەکەی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر بۆ رووداو دەڵێت، ئەمڕۆ نرخی تمەنی ئێرانی زیاتر دابەزی و 100 دۆلار لەکاتی داخستندا بە 5 ملیۆن و 900 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەکرا.