جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بۆ کارووباری تیرۆر و هەواڵگری دارایی سەردانی بەغدای کردووە

30-01-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
رۆژانی 28 و 29ـی ئەم مانگە، جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بۆ کاروباری تیرۆر و هەواڵگری لە بەغدا بوو و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت، لەگەڵ بەرپرسانی عێراق باسیان لە بەردەوامیی کارکردن بۆ بەهێزکردنی سیستمی دارایی عێراق کردووە.
 
رۆژی سێشەممە، 30ـی کانوونی دووەمی 2024، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "برایان نیڵسن، جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا لەگەڵ هەریەک لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق؛ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق و رەزاق محێبس سەعداوی، وەزیری گواستنەوەی عێراق کۆبووەوە".
 
سەبارەت بە نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکان، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت، "گفتوگۆ لەبارەی ئەو رێکار و هەنگاوانە کرا کە بەم دواییانە لەلایەن ئەمریکاوە گیراونەتە بەر؛ هەروەها باس لەو رێگەیانە کرا کە دەبنەهۆی بەهێزکردنی هاوئاهەنگی نێوان هەردوو وڵات".
 
بەگوێرەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، واشنتن لە نزیکەوە لەگەڵ حکومەتی عێراق کاری کردووە بۆ ئەوەی "تیرۆریستان، تاوانکاران، گەندەڵکاران و ئەکتەرە نایاساییەکانی دیکە نەتوانن سیستمی دارایی عێراق و سیستمی دارایی نێودەوڵەتی بەکاربهێنن؛ هەروەها ئەمریکا و عێراق لەسەر باشترکردنی رێکارەکانی پابەندبوونی بانکەکانی عێراق بە جۆرێک بەگوێرەی ستانداردە جیهانییەکان بن، گفتوگۆیان کردووە".
 
جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا هەروەها لەگەڵ بیلال حەمدانی، بەڕێوەبەری بانکی بازرگانیی عێراق - تى بی ئاى و نوێنەری بانکە تایبەتەکانی عێراق کۆبووەوە و باسیان لە هەوڵە دوو قۆڵییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق کرد کە "دەرفەتی نوێیان بۆ پەیوەندی نێوان بانکە عێراقییەکان و سیستمی دارایی نێودەوڵەتی رەخساندووە".
 
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەشڵێت، پابەند دەبن بە کارە هاوبەشەکانی نێوانیان لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی ئابووری عێراق بەهێزتر بێت و ببێتە هۆی پاراستنی سیستمی دارایی عێراق و ئەمریکا لە خراپ بەکارهێنان.
 
ئەم راگەیێندراوە لە کاتێکدایە، دوێنی دووشەممە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بانکی هودای عێراقی و خاوەنەکەی خستە لیستی سزاکانییەوە. خاوەنی بانکەکە ناوی حەمەد یاسر موسەوییە، کە ئەندامی پەرلەمانی عێراقە لەسەر لیستی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کە نووری مالیکی سەرۆکایەتی دەکات.
 
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، "ئەو بانکە چەندین ساڵە لە رێگەی دەستگەیشتن بە دۆلاری ئەمریکی، هاوکاری سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکانی نزیکی ئێران لە عێراق وەکو کەتائیبی حیزبوڵڵا و عەسائیبی ئەهل حەق دەکات"؛ ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو بانکە بووەتە ناوەندێکی هاوکاریی دارایی تیرۆریستان".
 
بانکی هودا لە ساڵی 2007 دامەزراوە و لە ساڵی 2008 دەستی بەکارکردن کردووە. لقی سەرەکی بانکەکە لە بەغدایە و چوار لقی دیکەشی هەیە؛ دوو لە بەغدا، یەکێک لە کەربەلا و ئەوی دیکە لە ناسریە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە