بانکی ناوەندیی عێراق: بانکی هودا ناتوانێت مامەڵە بە دۆلارەوە بکات

30-01-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بانکی ناوەندیی عێراق لەبارەی سزادانی بانکێکی عێراقییەوە روونکردەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت بانکەکە بەهۆی چالاکییەکانی ساڵی 2022یەوەیەتی، دەشڵێت: "بانکەکە لەساڵی 2023دا هیچ دۆلاری لە بانکی ناوەندی پێنەدراوە."
 
لەبارەی سزادانی بانکی هودای عێراقی، کە دوێنێ دووشەممە، خرایە لیستی سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە، بانکی ناوەندیی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "هۆکاری سزادانی بانکی هودا ئەو چالاکییانەیەتی کە لە ساڵی 2022دا کردوویەتی."
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی بانکی ناوەندیی عێراق، بانکە سزادراوەکە لەساڵی 2023دا بەشداریی لە پەنجەرەی کڕین و فرۆشتنی دراوی بیانیدا نەبووە،" بەڵام جەخت لەوە دەکاتەوە ئەو بانکە بەردەوامە لە پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییەکانی بانکی بەبێ مامەڵەکردن بە دۆلاری ئەمریکا و رێگەی پێدەدەرێت مامەڵە بە دراوە بیانییەکانی دیکەوە بکات.
 
رۆژی دووشەممە، 29ـی کانوونی دووەمی 2024، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بانکی هودا و خاوەنەکەی حەمەد مووسەوی، خستە لیستی سزاکانییەوە.
 
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاندووە: "ئەو بانکە چەندین ساڵە لە رێگەی دەستگەیشتن بە دۆلاری ئەمریکی، هاوکاری سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکانی نزیکی ئێران لە عێراق وەکو کەتیبەکانی حیزبوڵڵا و عەسائیبی ئەهلی حەقی کردووە". هەروەها دەڵێت: "ئەو بانکە بووەتە ناوەندێکی هاوکاریی دارایی تیرۆریستان و هەروەها دەستگەیشتن بە دۆلاری ئەمریکی". 
 
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردووە، بانکی هودا، لە رێگەی هاوکاری داراییەوە بۆ ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیکی لە عێراق، ناسەقامگیریی لە عێراق دروستکردووە و گیانی عێراقی و ئەو ئەمریکیانەی لە عێراقن، خستووەتە مەترسییەوە. دەشڵێت: "ئەمریکا پابەندە بەوەی کار لەگەڵ حکومەتی عێراق بکات بۆ پتەوکردنی ئابووریی عێراق و پاراستنی سیستمی دارایی عێراق و ئەمریکا لەو پێشێلکاریانە". 
 
رۆژی 11ـی ئۆکتۆبەری 2015، لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە نووسراوێکی بۆ دەستەی دەستپاکیی کردووە، داوا دەکات ئەو دەستەیە لێکۆڵینەوە لە "دزین"ـی زیاتر لە شەش ملیار دۆلار لە پارەکانی عێراق لەگەڵیدا بکات، بەڵام نە دەستەکە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کرد و نە سزادرا و نە ئەنجامیش راگەیێندرا، بەپێچەوانەوە، ئیمپراتۆرییەتێکی گەورەتری دروستکرد.
 
ئەو تۆمەتانەی درابوونە پاڵ حەمەد مووسەوی، کە ئێستا ئەندامی فراکسیۆنی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسایە لە پەرلەمانی عێراق، ساختەکاری و کڕینی دۆلارە، ئەو پارانەشی کە لەلایەن ئەو بانکەوە رەوانە کراون بۆ کۆمپانیاکانی "تەیب، عێراقونا و مەهج" بوون کە تایبەتن بە ئاڵوگۆڕی دراو.
 
بەگوێرەی راپۆرتی لێژنە پەرلەمانییەکە، بانکی هودا شەش ملیار و 455 ملیۆن و 660 هەزار دۆلاری لە ساڵانی 2012 تاوەکو 2015 ناردووە بۆ بانکی نیشتەجێکردنی ئوردنی، لەو بڕە پێنج ملیار و 787 ملیۆن و 999 هەزار دۆلاری رەوانەی کۆمپانیای تەیب کردووە، کە ئەویش بڕی پێنج ملیار و 704 ملیۆن و 158 هەزار دۆلاری بۆ کۆمپانیای ئەلکەمان بۆ ئاڵوگۆڕی دراو لە ئوردن ناردووە، دواتر ئەویش پارەکانی بۆ کەسانێک ناردووە نەناسراون و نازانین ئەو پارەیە کە پارەی فرۆشتنی نەوتی عێراقە و موڵکی گەلی عێراقن، چۆن خەرجکراون".
 
 

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە