هەفتەى داهاتوو لە عێراق مریشک، هێلکە و ئارد بە نرخى کەمتر دەدرێتە هاووڵاتییان

30-01-2023
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیرى بازرگانیى عێراق رایگەیاند، لە هەفتەى داهاتووەوە دەست دەکەن بە فرۆشتنى هێلکە، مریشک، ئارد و شیر بە نرخى پاڵپشتیکراوى کەمتر لە بازاڕ؛ هەروەها لە هەفتەکانى دواتردا گۆشتى سوور، مریشک و پەنیر بەهەمان پلان بە هاووڵاتییان دەفرۆشێت. بەرپرسێکى وەزارەتى بازرگانیى هەرێمى کوردستان دەڵێت: "ئەو بڕیارە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە." 
 
ئەسیر غرێرى، وەزیرى بازرگانیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، لە هەفتەى داهاتووەوە وەزارەتەکەى لە رێگەى چەند ناوەندێکەوە دەست دەکات بە فرۆشتنى هێلکە، مریشک، ئارد و شیرى شل، بە نرخى پاڵپشتیکراوى کەمتر لە نرخى بازاڕ، ئەو پرۆسەیە لە رێگەى چەند ناوەندێکى سەر بە وەزارەتى بازرگانییەوە دەکرێت. 
 
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، فەردەیەک ئارد بە 37 هەزار دینار دەفرۆشرێت، نرخى یەک کیلۆ مریشک بە سێ هەزار دینار و یەک لیتر شیر هەزار دینار دەبێت.
 
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە وەزارەتى بازرگانیى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: پرۆسەى فرۆشتنى ئەو خۆراکانە نزیک لە کۆگاکانى کۆمپانیاى گشتیى بازرگانى دەبێت لە سەرجەم پارێزگاکان و دەبرێتە سەر شەقامێکى گشتى تاوەکو هاووڵاتییان بتوانن بیبینن و دەستیان پێى بگات. 
 
وەزیرى بازرگانى عێراق ئاشکرایکرد، شانەى قەیرانى وەزارەتەکەى تاوتوێى ئەوەى کردووە کە خۆراکى دیکە بە هەمان نرخى پاڵپشتیکراو بخاتە بازاڕەوە لەوانە؛ ماسی، گۆشتى سوور و پەنیر. 
 
رۆژی 30ى کانوونى دووەمى 2023، فەتحى محەممەد، گوتەبێژى وەزارەتى بازرگانیی هەرێمى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: ئەو بڕیارە هەرێمى کوردستان ناگرێتەوە و نووسراوى فەرمییان لەو بارەیەوە پێنەگەیشتووە. 
 
ئەو هەنگاوەى وەزارەتى بازرگانى لەسەر راسپاردەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بووە بۆ رێگرى لە بەرزبوونەوەى نرخى خۆراک لە بازاڕدا بەهۆى دابەزینى بەهاى دینارى عێراقى بەرامبەر بە دۆلار. 
 
ئەوە لەکاتێکدایە کە بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى پلاندانانى عێراق، رێژەى هەڵاوسان لە مانگى کانوونى یەکەمى رابردوو بە رێژەى 0.3% بەرزبووەتەوە. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە