لە سلێمانی نرخی بەنزین دابەزی


هەولێر دیجیتاڵ

لە سلێمانی نرخی بەنزین دابەزیوە. گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی دەڵێت، "لە دوێنێ شەوەوە 25 دینار نرخی بەنزینمان دابەزاندووە."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـی 12ـی 2024، بەهمەن قادر، گوتەبێژى بەنزینخانەکانى سلێمانى بە رووداوی گوت، "نرخی بەنزینی نۆرماڵ، محەسەن و سووپەرمان 25 دینار دابەزاندووە."
 
سەرەتای مانگی چواری ئەم ساڵ، لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە هەرێمی کوردستان بە 775 دینار بوو.
 
بە گوتەی گوتەبێژی بەنزینخانەکانى سلێمانى، "هۆکاری دابەزاندنی نرخی بەنزین، زۆریی بەنزین و کەمیی خواستە. بێگومان کەمی خواستیش دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی بەنزین بە شێوەیەکی گشتی."
 
ئەمە لە کاتێکدایە، لە هەولێر رۆژی 20ـی ئەم مانگە نرخی بەنزینی نۆرماڵ 50 دینار دابەزی، 25ـی هەمان مانگیش 50 دیناری دیکە دابەزی؛ بەمەش لە ماوەی پێنج رۆژدا نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ 100 دینار دابەزیوە. 
 
رۆژی چوارشەممە، 25-12-2024، ئاری كاكه‌شین، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر بە رووداوی گوت: "نرخی به‌نزین له‌ ھه‌رێمی كوردستان روو لە دابەزینە‌، ئه‌مه‌ش بەهۆی ئەوەی حكومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان ئاسانكاریی بۆ بازرگانان ده‌كات بۆ هاورده‌كردنی به‌نزین".
 
لە هەرێمی کوردستان جگە لە بەنزینی نۆرماڵ کە زۆرترین خواستی لەسەرە، بەنزینی محەسەن و سووپەریش هەن کە نرخی لیترێکیان لە نێوان 950 بۆ هەزار و 500 دینارە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لە ئەمڕۆوە بەنزینى پاڵپشتیکراوى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بە 750 دینار لە 6 بەنزینخانەى سلێمانى دابەش دەکرێت.
 
لە سلێمانى نرخەکانی یەک لیتر بەنزینى نۆرماڵ لە 950 دینار بۆ 925 دینار، موحەسەن لە 1,050 بۆ 1,025 دینار و سووپەر لە 1,300 بۆ 1,275 دابەزین.