بتکۆین و نەخۆشی گوڵی لالەی هۆڵەندی

رزگار عەبدولکەریم * 

ئەم پرسیارە لە خۆت بکە، ئایا ئەگەر تۆ مرۆڤێکی هۆڵەندی ساڵانی 1600ـەکان بیت و داهاتی ساڵانەت لە باشترین حاڵەتدا لەنێوان 100 بۆ 200 فلۆرینی (دراوی ئەو کاتی هۆڵەندا) بێت، ئامادەی پێنج هەزار فلۆرینی بدەیت بە تەنها یەک گوڵی لالە؟ یان ئامادەیی ئەوەت تێدایە لە باشترین جێگەی شاری ئەمستردامدا خانووەکەت بگۆڕیتەوە بە تەنها 10 دانە لە گوڵی لالە؟ لەوە دەچێت ئەوە بە لای تۆوە ئێستا مایەی پێکەنین بێت و هەرگیز عەقڵت پێشبینی ئەو سەودایە نەکات، بەڵام لەڕاستیدا ئەوە روویداوە. هۆڵەندییەکان بە هەژار و دەوڵەمەندییانەوە لە سەرەتای ساڵانی 1600ـەکاندا سەرقاڵی ئەو سەودایە بوون و دوای هەرەسیش بە نەخۆشی گوڵی لالە (tulip mania)ی هۆڵەندی نێوبانگی دەرکرد. 

ئەو گوڵە شوێنە ئەسڵییەکەی هۆڵەندا نییە. یەکەمجار لە تورکیای سەردەمی عوسمانییەکانەوە دەچێتە هۆڵەندا، زانایەکی رووەکناسی بە ناوی "کارلوس کولسیوس" لە زانکۆی لایدن لە 1590 خاوەنی کێڵگەیەکی رووەکیی تایبەت بەخۆی بووە، ئەو یەکەم کەس بوو کە گوڵی لالەی چاند، چەندین جوانکاری و چاککاری لە رەنگ و جۆری گوڵەکەدا دروستکرد. هێواش هێواش هەبوونی گوڵی لالە بوو بە ئارەزوویەکی شێتانە. زاناکان دەستیانکرد بە کێبڕكێ لە جوانکاری و چاککاری گوڵەکەدا، دواتر بازرگانەکان هاتنە مەیدانەکە، خواست نەک لەسەر گوڵی لالە بەڵکو لەسەر تۆوەکەشی دروستبوو. بە تیپەڕبوونی کات گوڵی لالە بووبە هەبوویەکی سەوداگەرانە و لە کۆتاییەکانی پێش هەرەسکردنیشدا (1633) بەجۆرێک لە جۆرەکان رۆڵی دراوی دەگێڕا لەنێو خەڵکدا. 

بڵق (بەبڵ)ی گوڵی لالە 

لە هۆڵەندای ئەو کاتەدا گوڵی لالە بووبوو بە قسە و باسی گەورە و بچووک، هەژار و دەوڵەمەند، مامۆستا و خوێندکار، دکتۆر و نەخۆش، بەقاڵ و کڕیار، تەنانەت هەندێک سەرچاوە دەڵێن سەودا و بۆن و بەرامەی گوڵی لالە لە سەری منداڵانی هۆڵەنداشی دابوو. لە 1620ـەکاندا نرخی گوڵەکە بەشێوەیەکی دراماتیکی بەرزدەبێتەوە بە جۆرێک کە تەنها 10 گوڵی لالە خانوویەکی باشی لە ئەمستردام پێدەکڕدرا. لە ساڵی 1633 نرخی تەنها یەک گوڵی لالە لە جۆری ( semper augustus ) پێنج هەزار و 500 فلۆرینی دەبێ، لە ماوەی چوار ساڵ و لەنێوان 1633-1637 نرخی تەنها یەک گوڵ دوو بەرامبەر زیاد دەکات و بۆ 10 هەزار فلۆرینی بەرز دەبێتەوە.  

هەرەس و تەقینەوە 

پاش ئەوەی لە ساڵی 1637 نرخی گوڵەکە دەگاتە خاڵێک کە ئیدیکە کەم کەس دەتوانێت دەستی بگاتێ و گیرفانی دەرەقەتی بێت، لەنێوان شەو و رۆژێکدا سیحری گوڵی لالە کۆتاییدێت.

لە زانستی ئابووریدا کاتێک بڵقی ئابووری روودەدات و نرخ دەگاتە ئاستێکی سەرنجڕاکێش و بەشێوەیەکی باوەڕپێنەکراو زێدەڕۆیی زۆری تێدا دەکرێت، لەو کاتەدا خەڵکانی هۆشیار لە کارەکە دەکشێنەوە و دەیانەوێت سوود لە نرخ وەربگرن و هەبووەکانی خۆیان دەکەن بە پارە و سەرمایە، دواتر خەڵکی زۆرتر هەوڵدەدەن هەبووەکانی خۆیان بفرۆشن، ئەوەش دەبێت بەهۆی دابەزینی زیاتری نرخ  و وەک پوولی دۆمینە هەمووی بەجارێک هەرەسدەهێنێت، وەک ئەوەی بەسەر گوڵی لالەی هۆڵەندیدا هات. 

بتکۆین و نەخۆشی گوڵی لالە  

بتکۆین دراوێکی گریمانییە کە لە ساڵی 2008 لە لایەن کەسێکی نەناسراوە بە ناوی "ساتوشی ناکامۆتۆ" دروستکراوە. سەرەتا نرخی 1 بیتکۆین بە 7 سەنت بوو، لە مانگی یەکی ساڵی  2013 نرخی 1 بتکۆین بۆ 13 دۆلار ئەمریکی بەرزبووەوە. لە نێوەڕاستی 2013 نرخەکەی زیاتر بەرزدەبێتەوە، بەجۆرێک کۆتایی 2013 نرخی بتکۆینێک بۆ 980 دۆلار دەفڕێت. لەوێ بەدواوە بەردەوام نرخی بتکۆین بەرزدەبێتەوە بەشێوەیەک لەم رۆژانەدا (مانگی 12ی 2017) نرخی 1 بتکۆین گەیشتە نزیکەی 20 هەزار دۆلار، دواتر بۆ 14 هەزار دۆلار دابەزی، بۆیە ئێستا ئەم بابەتە مژاری گەرمی بازاڕ و ناوەندە ئابووریی و ئەکادیمییەکانە، بەشێك لە ئابووریناس و خاوەنکار و شارەزایانی بواری بۆرسە بتکۆین و نەخۆشی گوڵی لالە وەک یەک دەبینن.  

شارەزایانی ئابووری چی دەڵێن؟

وەک دەڵێن "ئەوەی لە مێژوو شارەزا نەبێت، مەحکومە بە دووبارەکردنەوەی ئەو مێژووە". بەبڵ و نەخۆشی گوڵی لالەی هۆڵەندی بۆ ئەوەیە ئەمڕۆ پەندی لێوەربگرین. پاول دانۆڤان نووسەر و ئابووریناسی بەریتانی و بەڕێوەبەر و سەرۆکی کۆمپانیای UBS سویسری بۆ خزمەتگوزارییە داراییەکان، جۆردن بلفوری شارەزای بواری بۆرسە بتکۆین بە "نەخۆشی" یان "شێتی گوڵی لالە"ی هۆڵەندی('tulip mania') بەروارد دەکەن. 

دانۆڤان وەڵامی تۆم کین-ی پیشکەشکاری بلومبێرگی بە "نەخێر" دایەوە، کاتێک  کە پرسیاری کرد: ئایا ئێستا بیتکۆین توانا و قابیلیەتی ئەوەی هەیە کە بەشێک بێت لە بازاڕی دراو لە داهاتوودا؟ جۆردن بلفۆر بتکۆینی بە "سکام و دەستبڕینێکی گەورە" وەسفکرد.

ستيفن ئينيس، سەرۆکی بازرگانی دراوی ئاسیا و شارەزا لە بۆرسە باوەڕیوایە، بتکۆین هەمان چارەنووسی گوڵی لالەی هۆلەندی دەبێت. ئەو لە کەناڵی سی ئێن ئین دەڵێت "نرخی بتکۆین بە شێوەیەک بەرزبووەتەوە کە مرۆڤی ئاسایی توانای کڕینی نییە، سەرئەنجام خواست لەسەر بیتکۆین هەرەسدەکات".

 کێن گریفین، ملیاردێری ئەمریکی و خاوەنی Citadel LLC دەڵێت "بتکۆین دراوی داهاتوو نییە  وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکەن، ئەو هەر نەخۆشییەکە وەک شێتی گوڵی لالەی هۆڵەندی". دەشڵێت "زۆر نیگەرانم بۆ ئەوانەی پارەی خۆیان لە بتکۆین خەرجدەکەن. ئەوان نازانن بەشداری چی دەکەن، ئەم  بەبڵە بە گریان و فرمێسک کۆتاییدێت". 

تەماشای ئەم بەراوردە بکە، بۆت دەردەکەوێت کە هیشتا بەبڵ و هەڵتۆقینی بتکۆین وەک  گوڵی لالە سەرنجڕاکێش نییە.

یەک دانە گوڵی لالە 10 هەزار فلۆرینی ( یان گیلدر) هۆڵەندی بووە. یەک فلۆرینی (گیلدر) هۆڵەندی سالی 1600 = 60 دۆلاری ئەمریکی یە  بە نرخی ئەمڕۆ.  کەواتە دەکرێت بڵیین تەنها گولێکی لالە نزیکەی 600 هەزار دۆلاری ئەمریکی بووە بەنرخی ئەمڕۆ. بیهێنە پیش چاوی خۆت گوڵێک بە زیاتر لە نیو ملیۆن دۆلار بفرۆشرێت، ژمارەیەک لە ئینتەرنێت بە 20 هەزار دۆلار! 

بەکورتی بتکۆین جۆرێکی مۆدێرنی نەخۆشی گوڵی لالەی هۆڵەندییە، وردە وردە نەخۆشی گوڵی لالەی دیکەمان زۆر دەبێ کە لە داهاتوودا سەرنجیان بدەین.
 
* خوێندکاری دکتۆرا، بەشی ئابووری - زانکۆی پوترا- مالیزیا