رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت بەهۆی نیگەرانی لە دۆخی چین و تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتە و هەروەها سەرهەڵدانی خۆپێشاندانەکان دژی رێوشوێنەکانی کۆنترۆڵکردنی کۆرۆنا دابەزی. هەروەها لێدوانی بەرپرسێکی بانکی ناوەندیی ئەمریکاش نرخی زێڕی بۆ خوار 1750 دۆلار دابەزاند.
رۆژی سێشەممە 29-11-2022 ، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 45 سەنت دابەزی و بە 82 دۆلار و 27 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 51 سەنت دابەزی و بە 76 دۆلار و 73 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
رۆژی دووشەممە نرخی نەوتی برێنت بە رێژەی 3٪ دابەزی بۆ نزیکەی 80 دۆلار و بەوپێیەش کەمترین ئاستی لەمساڵدا تۆمارکرد.
سەرهەڵدان و خۆپێشاندانەکان لە چین کە بە "رووداوی دەگمەن" لەو وڵاتە دەناسرێن بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی بازرگانانی نەوت نیگەران بن لەسەر کەمکردنەوەی هاوردەکاری نەوت لەلایەن ئەو وڵاتەوە.
توشیتاکا تازاوا، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (فۆجیتۆمی سیکیۆریتی) رایگەیاند، "خۆپێشاندانەکانی چین شەپۆلێکی فرۆشتنی لە بازاڕی نەوتدا دروستکردووە."
تازاوا رایگەیاند، هەرچەندە نرخی نەوت چەند رۆژێکە دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت، بەڵام دابەزینەکان هێشتا سنووردارن و بازرگانان چاویان لە کۆبوونەوەی رۆژی 4 ی مانگی داهاتوو دەکەن بۆ ئەوەی بزانن هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەش چ بڕیارێک سەبارەت بە خستنەڕووی نەوت دەدات.
هەر ئۆنسەیەک زێڕ بۆ 1741 دۆلار دابەزی
نرخی زێڕ دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەهۆی لێدوانی بەرپرسێکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دابەزی بۆ خوارەوە 1750 دۆلار.
جەیمز بولارد، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لقی (سەنت لویس) رۆژی دووشەممە رایگەیاند، بە لەبەرچاوگرتنی داتاکانی پەیوەست بە هەڵاوسان، هێشتا بانکی ناوەندی بواری هەیە بۆ بەرزکردنەوەی سووی بانکی.
بولارد هەروەها پێشبینیکردووە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی تاوەکو ساڵی 2024 بەردەوام بێت.
دوای لێدوانەکانی بولارد، بەهای دۆلار بە رێژەی 0.7٪ بەرزبووە و نرخی کاڵا و کانزاکان دابەزین.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە 1741 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، بەڵام دابەزینی بەهای زێڕ بۆ خوارەوەی 1750 دۆلار بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی پێشبینی زیاتری دابەزینی نرخی زێڕ بکرێت لە ماوەیەکی کورتخایەندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ