رووداو - هەولێر
بەهۆی قەیرانی داراییەوە، پرۆژەی نۆژەنكردنەوەی قەڵای هەولێر دواكەوتنی زۆری بەخۆیەوە بینیووە و مەترسی دەکرێت رێکخراوی یونسکۆ ئەو شوێنەوارە گرنگە لە لیستی كەلەپووری جیهانی دەربهێنێت.
نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر رایگەیاند" تاوەكو ئێستا یونسكۆ هیچ قسەیەكی نێگەتیڤی لەمبارەیەوە نەكردووە و چالاكییەكانی لەمبارەیەوە بەردەوامە و كارەكان ئەگەرچی بە سستیش بێ، بەڵام بەپێی پلانی داندراو جێبەجێ دەكرێت".
پارێزگاری هەولێر روونیكردەوە، یونسكۆ ئەندامە لەو لیژنە تایبەتەی بۆ بووژانەوەی قەڵای هەولێر دانراوە و ئەوانیش "ئاگاداری ئەو قەیرانە داراییەن كە هەرێمی كوردستان پێیدا تێدەپەڕێت. پرۆژەی بوژاندنەوەی قەڵاكە پرۆژەیەكی جیهانییە و بە كەلەپووری جیهانەوە پەیوەستە، وەكو پرۆژەیەكی وەبەرهێنان یانیش وەكو دروستكردنی باڵەخانەیەك سەیر ناكرێت."
هەروەها گوتیشی"ئەم پرۆژەیە بەرنامەی بۆ داندراوە و كاری نۆژەنكردنەوە تێیدا بەردەوامە، لەچەند ساڵی رابردوودا كاری ژێرخانی تێدا بەردەوام بووەو چارەسەری بەپەلە بۆ زۆر لەو حاڵەتانە كراوە كە مەترسی كەوتن و رووخانیان لێ دەكرا لە دیوارەكانی قەڵادا".
لە بەرامبەردا كۆمیسیۆنی باڵای بووژاندنەوەی قەڵای هەولێر لەلای خۆیەوە ئەوە دووپاتدەكاتەوە، وەرگرتنی هەر شوێنێكی مێژوویی و دانانی لە لیستی كەلەپوری جیهانی پێویستی بە چەند مەرجێكی گرنگ هەیە و ئەو مەرجانەش لەنێو قەڵای هەولێردا هەبوون.
دارا یەعقووبی سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای بووژاندنەوەی قەڵای هەولێر ئاماژەی بەوەکرد "ئەم كارە ساڵانە لەلایەن یونسكۆوە چاودێری دەكرێت و ئەوان راپۆرت و تێبینی خۆیان لەمبارەوە پێشكەش دەكەن، هەرچیان هەبێ بەشێوەیەكی راشكاوانە بە حكومەتی ئەم وڵاتانەی رادەگەیێنن كە كاری تێدادەكەن"
ئەوەشی دووپاتكردەوە "سەرەڕای ئەوەی پرۆژەكانی نۆژەنكردنەوەی قەڵاش وەستان، بەڵام هێشتا كار نەگەیشتووەتە ئەو رادەیەی بڵێین، بارودۆخی ئەو پرۆژانەی پلانیان بۆ داندراوە لە مەترسیدایە، بەڵام لێی نزیك بووینەتەوە."
دوو مەرجی سەرەكی بۆ دانانی هەر شوێنەوارێك لە لیستی تایبەتی یونسكۆدا پێویستە رەچاوبكرێت، كە یەكەمیان "گرنگی شوێنەكەیە لەڕووی مێژوویی و پێگەیەتی لەنێو وڵاتەدا، هەروەها پێویستە بۆ یونسکۆ بسەلمێندرێت کە چۆن دەتوانی بیپارێزی" .
دارا یەعقووبی سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای بووژاندنەوەی قەڵای هەولێر،ئەوەشی خستەڕوو كە" حكومەت لە پلانی خۆیدا بودجەیەكی باشی بۆ پرۆژەی قەڵا تەرخان كردبوو، بەڵام قەیرانی دارایی بووە رێگر لەم پرۆژانە، بۆیە كۆمیسیۆنی باڵای بووژاندنەوەی قەڵا داوای ئەولەویەت وتایبەتمەندیەك دەكات بەهۆی گرنگی و پێگەی مێژوویی پرۆژەكە و خودی قەڵا، پارەیەكی زۆر لەمبارەیەوە داوانەكراوە و رەنگە ئەوەی داوا كرابێ زۆر كەمتر بێت لە بودجەی هەر پرۆژەیەكی دیكە".
ناوەڕاستی 2014 لیژنەی كولتوورە جیهانییەكانی سەر بە رێكخراوی یۆنسكۆ رەزامەندیدا لەسەر وەرگرتنی قەڵای هەولێر، وەكو یەكێك لە شاكارە مرۆییەكانی جیهان و بووە یەکێک لەو 1007 شوێنەوارەی جیهان کە لە لیستی كەلەپووری جیهانی تۆماركراون.
مەی شاعیر، بەڕێوەبەری پرۆژەكان لە رێكخراوی یونسكۆ كە لە كۆمیسیۆنی باڵای بووژاندنەوەی قەڵای هەولێر ئەندامە، بەردەوامبوونی رێكخراوەكەی لە كار و پرۆژەكانی قەڵای هەولێر دووپاتكردەوە و ئاماژەی بەوەشدا" تاوەكو ئێستا هیچ مەترسیەك لەبارەی قەڵاوە نییە بۆ ئەوەی لەنێو لیستەكەی یونسكۆ دەربچێ".
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2007وە با هاوبەشی لەگەڵ رێکخراوی یونسکۆ کار لە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێردا دەکات، کە پاراستنی بەهای رۆشنبیری و مێژویی قەڵا گرنگترین كاری ئەم قۆناغەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ