مووچەی بەشێکی دیکە لە مامۆستایانی گرێبەست گەیشت

 
رووداو دیجیتاڵ

پەروەردەی ناوەندیی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجە داوا لە بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکانی سنوورەکەیان دەکەن، ئەمڕۆ بۆ وەرگرتنی مووچەی مانگی 9ی مامۆستایانی گرێبەست سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانیان بکەن.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 29-10-2024 بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی هەولێر ئاگادارییەکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا داوا لە بەڕێوەبەرانی سەرجەم قوتابخانەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ناوەندی ھەولێر دەکات، ئەمڕۆ بڕۆن و سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بکەن بە مەبەستی وەرگرتنی مووچەی مانگی نۆی مامۆستایانی گرێبەستی سنووری پەروەردەی ناوەندیی هەولێر.
 
ئەمەش لە کاتێکدایە هەر ئەمڕۆ مامۆستایانی تازە بەگرێبەستکراوی هەڵەبجە مووچەی مانگی نۆیان پێدەگات، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی شارەکە داوای لێکردوون سەردانی دیوانی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە بکەن.
 
رۆژی دووشەممە 28-10-2024 کارۆخ عەبدوڵڵا، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست بە رووداوی گوت: "بڕیار بووە 22ـی ئەم مانگە مووچە وەربگرین، بەڵام دواخراوە بۆ ئەمڕۆ. بەرپرسانی وەزارەتی دارایی پێیانگوتین، لەمەودوا بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ئێمەش لەگەڵ دامەزراوان مووچە وەردەگرین".
 
پێشتر وانەبێژان کەمترین مووچەی مانگانەیان 250 هەزار دینار و زۆرترینان 400 هەزار بوو. کارۆخ عەبدوڵڵا دەڵێ، "ئێستا بووین بە گرێبەست زۆرینەی 500 هەزار وەردەگرێت و بەشێکی کەمیش 400 هەزار".
 
ژمارەی مامۆستایانی وانه‌بێژ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا، كه‌ بڕیاری به‌گرێبه‌ستبوونیان لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ ده‌رچووه‌، 38 هەزار مامۆستان‌.