عێراق لەوەستانی پاڵاوگەی بێجی 30 ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە

رووداو- شەرقولئەوسەت

عێراق لەوەستانی پاڵاوگەی بێجی 30 ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە و ئەو بڕە پارەیەش بەشی دروستکردنی 6 پاڵاوگەی  زۆر گەورە دەکات.


عیسام چەلەبی، وەزیری پێشووتری نەوتی عێراق راگەیاند، بەهۆی دەستبەرداگرتنی پاڵاوگەی بێجی ( لە پارێزگای سەلاحەددین) لەلایەن داعشەوە و، ئەو زیانانەی بەر ئەو پاڵاوگەیە کەوتوون، حکومەت ناچاربووە لەماوەی ساڵانی رابردوودا بەرهەمی نەوت و غاز بکڕێت، بەمەش زیانی 30 ملیار دۆلاری پێگەیشتووە.

چەلەبی ئاماژەی بەوە کرد كە ئەو بڕە پارەیە بەشی دروستکردنی 6 پاڵاوگەی زۆر گەورە دەکات لە عێراق، بەڵام ئەمە ئەنجامنەدراوە، تاوەکو ئێستاش حکومەت گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیاکان هەیە بۆ هێنانی بەرهەمە نەوتییەکان.

بەڵام عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاندووە، ئامارێکی دروستیان لەبەردەستدا نییە لەبارەی قەبارەی ئەو زیانانەی بەهۆی پرۆسە سەربازییەکان بەر پاڵاوگەکە کەوتوون، وەزارەتەکەشیان پلانێکی داناوە بۆئەوەی بە زووترین کات پاڵاوگەکە نۆژەن و ئامادەبکرێتەوە.

پێش ئەوەی داعش دەستبەسەر پاڵاوگەی بێجیدا بگرێت، توانای بەرهەهێنانی پاڵاوگەکە رۆژانە 300 هەزار بەرمیل بوو، ئەمەش 60 % پێویستی بەرهەمە نەوتییەکانی عێراقی دابیندەکرد، بەڵام ئەو بڕە بۆ 180 هەزار بەرمیل کەمبووەوە، دواتر وەستا.