بۆرسەی ئێران 8 هەزار خاڵ دابەزی؛ مامەڵەکان سنووردار دەکرێن

رووداو دیجیتاڵ

لە دوای کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا، لە دوایین ساتی مامەڵەکانی رۆژی شەممە، بەهای بۆرسەی ئێران 8 هەزار خاڵ دابەزی و 0.38٪ـی بەهای خۆی لەدەستدا.
 
بەرپرسانی بۆرسەی ئێران بەهۆی ئەو رووداوەوە، قەبارەی مامەڵەکانیان لە بۆرسەی ئێران سنووردار کرد و رێگەیان نەدا، گۆڕانکاری لە بەهای بۆرسەی تاران لە 1٪ زیاتر بێت. 
 
بەپێی شرۆڤەکارانی بۆرسەی ئێران، سنوورداکردنی مامەڵەکان لە بۆرسەی ئێران بۆ ئەوە بووە؛ رێگری لە شۆکی دابەزینی نرخەکان لە بازاڕی بۆرسەی ئەو وڵاتە بکرێت.
 
شرۆڤەکارانی بۆرسەی تاران بۆچوونیان وایە؛ ئەگەر ئەمڕۆ (یەکشەممە، 29-9-2024) لێدوانی بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی ئێران و ئێسرائیل لە دژی یەکدی توند بێت، یان ئێران هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە بکات، ئەگەری هەیە بەهای بۆرسەی تاران ئەمڕۆ بەردەوام بێت لە دابەزین.
 
بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا بەرپرسانی بۆرسە، مامەڵەکانی نێو بازاڕ سنووردار دەکەن بۆ ئەوەی رێگری لە دابەزینی زیاتری بازاڕی سەرمایە لە ئێران بکەن.