رووداو دیجیتاڵ
عێراق لە مانگی داهاتووەوە بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی 300 هەزار بەرمیلی رۆژانە کەمدەکاتەوە. سەرچاوەیەک دەڵێت: داوای کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتیان لە هەرێمی کوردستانیش کردووە.
عێراق بەنیازە لەم مانگەدا بەرهەمهێنانی نەوت کەمبکاتەوە و مانگی داهاتوو لەنێوان 3.85 بۆ 3.9 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمبهێنێت.
بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پلانەکەی عێراق بۆ قەرەبووکردنەوەی زیادەی بەرهەمهێنانە لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئۆپێك پڵەس بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمی نەوت. عێراق لەو ئاستە زیاتری بەرهەمهێناوە کە بۆی دانراوە.
رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) دەڵێت، لە مانگی تەممووزدا عێراق نزیکەی 4 ملیۆن و 250 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە. ئەمە لەکاتێکدایە بەپێی رێککەوتنەکە، نابێت عێراق لە 4 ملیۆن بەرمیل زیاتر بەرهەمبهێنێت.
هەفتەی رابردوو ئۆپێک رایگەیاندبوو، وەزارەتی نەوتی عێراق پلانێکی پێشکێشکردووە بۆ ئەوەی تاوەکو ئەیلوولی داهاتوو بەرهەمهێنانی نەوت کەمبکاتەوە.
بە گوێرەى ئەمیندارێتیی گشتیى رێکخراوەکە، لەنێوان مانگى کانوونى دووەم تاوەکو حوزەیرانى 2024، بڕى زیادەى نەوتى بەرهەمهێندراوى عێراق رۆژانە 1.4 ملیۆن بەرمیل بووە.
بەپێی سەرچاوەکە، لەم مانگەدا عێراق هەناردەی ملیۆنێک بەرمیلی لە رێگەی کەشتییەکەوە هەڵوەشاندووەتەوە تاوەکو هەناردەی نەوتەکەی کەمببێتەوە.
وەک سەرچاوەکە دەڵێت، ئەو بارە نەوتەی عێراق داواکاری و خواستی بۆ هاتووە، بەڵام بڕیاری عێراق ئەوە بووە نەینێرێت. گوتیشی، عێراق هەناردەی دوو باری دیکەش بە دوو کەشتیی دیکە بە هەمان بڕی نەوت هەڵدەوەشێنێتەوە.
عێراق پلانی وایە لە مانگی داهاتووەوە ئاستی هەناردەکردنی نەوت لە رۆژانە 3 ملیۆن و 430 هەزار بەرمیلەوە بۆ 3 ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل کەمبکاتەوە.
بەپێی ئەو سەرچاوەیە، عێراق بەنیازیشە بەکاربردنی نەوت لە نێوخۆ لە 570 هەزار بەرمیلی رۆژانەوە بۆ 500 هەزار کەمبکاتەوە. داوا لە هەرێمی کوردستانیش دەکات بەرهەمهێنانی نەوت لە 150 هەزار بەرمیلی رۆژانەوە بۆ 50 هەزار بەرمیل کەمبکاتەوە.
چاوەڕوان دەکرێت بڕیارەکەی عێراق کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی خستنەڕووی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا هەبێت. بەتایبەتیش کە لەکاتێکدایە بەهۆی ناکۆکیی سیاسییەوە، ئەمڕۆ زیاتر لە نیوەی بەرهەمی نەوتی لیبیاش کەمبووەتەوە کە بڕەکەی دەگاتە 700 هەزار بەرمیل.
بەهۆی کەمبوونی بەرهەمی هەردوو وڵاتەوە، ئەمڕۆ نرخی نەوت زیاتر لە دۆلارێک بەرزبووەوە. بەرمیلێک نەوتی برێنت گەیشتە نزیکەی 80 دۆلار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ