گەشەی بەرهەمی نێوخۆیی ئەمریکا گەیشتە 3٪

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئابووریی ئەمریکا لە چارەکی دووەمدا بە رێژەیەکی زیاتر لە پێشبینییەکان گەشەی کردووە و بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار.
 
نووسینگەی ئاماری وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا رایگەیاند، لە چارەکی دووەمی ئەم ساڵدا کۆی بەرهەمی نێوخۆیی وڵاتەکە 3٪ گەشەی کردووە.
 
ئەمە دووەم خەمڵاندنی ئەمریکایە لەبارەی رەوشی ئابووریی وڵاتەکە لە چارەکی دووەم. پێشتر رایگەیاندبوو 2.8٪ گەشەی کردووە.
 
لە چارەکی یەکەمیی ساڵدا رێژەکە 1.4٪ بووە.
 
خەرجیی بەکاربردن کە 70٪ـی چالاکییە ئابوورییەکانی ئەمریکا پێکدەهێنێت، لە چارەکی دووەمی ئەم ساڵدا 2.9٪ زیادبووە، وەبەرهێنانی بازرگانیش 7.5٪.
 
راپۆرتەکە دەریدەخات کە سەرەڕای گوشارەکانی زیادکردنی رێژەی سوود، بەڵام ئابووریی ئەمریکا هێشتا بە بە‌هێزی ماوەتەوە و سستیی ئابووری ئەگەرێکی لاوازە.
 
کاریگەریی ئامارە ئابوورییەکان ئێستا زیاتر بووە، چونکە تشرینی دووەمی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لەو وڵاتە بەڕێوەدەچێت. 
 
بیڵ ئادەمز، ئابووریناسی باڵا لە دامەزراوەی 'کۆمێریکا؛ بۆ خزمەتگوزاریی دارایی دەڵێت، داتاکە پێشانی دەدات لە نێوەڕاستی ئەم ساڵدا ئابووریی ئەمریکا لە دۆخێکی باشدا بووە. زیادبوونی متمانەی بەکاربەریش ئاماژەیەکە بەوەی لە چارەکی دووەمی ئەم ساڵیشدا گەشەی ئابووری [ـی ئەمریکا] لە ئاستێکی باشدا دەمێنێتەوە.
 
لەدوای داتاکە کە ئاماژەی بەهێزیی ئابووریی ئەمریکا بەدەستەوە دەدات، پێنوێنی نرخی دۆلار 0.40٪ بەرزبووەوە بەرامبەر بە دراوە سەرەکییەکانی جیهان و گەیشتە 101.42 خاڵ.
 
بەپێچەوانەوە نرخی زێڕ دوای داتاکە 10 دۆلاری لەدەستدا و بۆ 2 هەزار و 510 دۆلار دابەزی، بەڵام دواتر لە 2 هەزار و 518 دۆلار جێگیر بوو. 
 
سەرەڕای ئەوەش، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار مەترسیی دابەزینی زێڕی دروستکردووە.
 
ئێستا چاوەکان لەسەر ئاماری خەرجیی بەکاربردنی تاکن بۆ مانگی تەمموز کە بڕیارە سبەی کاژێر 15:30 بە کاتی هەولێر بڵاوبکرێتەوە. 
 
لە مانگی حوزەیراندا خەرجیی بەکاربردنی تاک 2.5٪ زیادبووە.