شاندی هەرێمی کوردستان و تەیف سامی کۆدەبنەوە

رووداو دیجیتاڵ 

شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی پێنجشەممە لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق جارێکی دیکە کۆدەبێتەوە. 
 
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، شاندەکەی هەرێمی کوردستان رۆژی پێنجشەممە 29-08-2024 لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق کۆدەبێتەوە و پێکەوە لەبارەی ئەو بابەتانە قسە دەکەن کە پەیوەندییان بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە.
 
شاندەکەی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە لە نوێنەری چاودێری دارایی، بەڕێوەبەری داتا و ئامار لە وەزارەتی دارایی، بەڕێوەبەری بودجە لە وەزارەتی دارایی و بەڕێوەبەری ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی.
 
دوێنێ چوارشەممە شاندەکە لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کۆبووەوە. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی رادەستکردنی داهاتی هەرێمی کوردستان، بەجێکردنی مووچە و مووچەی مانگی حەوتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرد و ئەمڕۆش هەمان بابەت تاوتوێ دەکەن.
 
دوای کۆبوونەوەکە شاندەکەی هەرێمی کوردستان هەر ئەمڕۆ دەگەڕێتەوە هەولێر.