بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەرزبووەوە؛ 100 دۆلار بە 154 هەزار دینارە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ لە بازاڕی دراوی هەرێمی کوردستان بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەرزبووەوە و لە کاتی داخستنی بازاڕدا 100 دۆلار بە نزیکەی 154 هەزار دینار مامەڵەی پێوەکرا.
 
رۆژی سێشەممە 29-08-2023 حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕی دراوی هەولێر، 100 دۆلار بە 154 هەزار و 250 دینار بوو، بەڵام لەکاتی داخستندا بەهای دینار بەرزبووەوە و 100 دۆلار بە 154 هەزار دینار مامەڵەی پێوەکرا.
 
حاجی سابیر دەڵێت، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی بەهای دینار ئەوەیە کە ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ، بانکی ناوەندیی عێراق دۆلاری زیاتری بە کاش فرۆشت.
 
ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق 195 ملیۆن و 979 هەزار و 697 دۆلاری خستە بازاڕەوە؛ 157 ملیۆن و 859 هەزار و 697 دۆلاری بە شێوەی حەواڵە و 38 ملیۆن و 120 هەزار دۆلاریشی بەشێوەی کاش بوو.
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر گوتیشی، پێشبینی دەکەن ئەم رۆژانە بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار لە نزیک ئەم ئاستەی ئێستایدا جێگیر بێت.
 
دوێنێ دووشەممە 28.8.2023، بانکی ناوەندیی عێراق تەنیا 25 ملیۆن دۆلاری بە کاش خستە بازاڕەوە، بەوهۆیەشەوە بەهای 100 دۆلار گەیشتە 154 هەزار و 400 دینار.
 
هاوکات جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دۆلاری سلێمانی بە رووداوی گوت، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا لە سلێمانی، 100 دۆلار بە 154 هەزار و 500 دینار بوو، بەڵام لەکاتی داخستندا 100 دۆلار بە 153 هەزار و 900 دینار مامەڵەی پێوەکرا.
 
جەبار گۆران دەڵێت، ئەگەر سبەی بانکی ناوەندیی عێراق هەمان بڕ یان زیاتر لەو بڕە کاشەی ئەمڕۆ بفرۆشێت، رەنگە بەهای دینار بەرامبەر دۆلار کەمێک زیاتر بەرز بێتەوە و 100 دۆلار بۆ 153 هەزار و 500 دینار دابەزێت، بەپێچەوانەشەوە، رەنگە دووبارە بەهای 100 دۆلار بگاتەوە 154 هەزار دینار یان زیاتر.
 
گوتەبێژی بازاڕی دۆلاری سلێمانی پێیوایە، ئەگەر رێکارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق لە پێدانی مانگانەی 100 هەزار دۆلار بە بازرگانە بچووک و مامناوەندەکان لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت، کاریگەریی ئەرێنی لەسەر بەهای دینار دەبێت و رەنگە 100 دۆلار بۆ 148 هەزار دینار دابەزێت.
 
جەبار گۆران پێیوایە، لە مەودای مامناوەند و درێژخایەندا مەترسی لەسەر دیناری عێراقی هەیە و پشتیوانییەکی بەهێزی نییە؛ ئابووریی عێراق فرەچەشن نییە و تەنیا پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت؛ دەشڵێت، دەبێت ئابووریی عێراق فرەچەشن بکرێت و هەناردە زیادبکرێت تاوەکو لە زیاتر لە سەرچاوەیەکەوە دۆلار بێتە عێراقەوە.
 
بانکی ناوەندیی عێراق رۆژانە 100 دۆلار بە 131 هەزار دینار دەفرۆشێت، بەڵام نەیتوانیوە بەهای دینار لە بازاڕەکاندا بەرامبەر دۆلار جێگیر بکات.