کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان: هەناردەش دەستپێبکاتەوە نەوت بەرهەمناهێنین تاوەکو دڵنیانەبینەوە

29-08-2023
سیروان عەباس
نیشانەکردن نەوت
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان رایگەیاند، گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی فیدراڵیی عێراق و حکومەتی تورکیا بوونە هاندەرێک بۆ کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا، لە هەمان کاتدا رایدەگەیێنێت ئەگەر هەناردەش دەستپێبکاتەوە، ئەوان نەوت بەرهەمناهێنین تاوەکو دڵنیانەبنەوە.
 
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان-Apikur راگەیێندراوێکی لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، راگرتنی هەناردەی نەوت و بودجەی عێراق، زیانی بە هەموو عێراقییەکان و کەشوهەوای وەبەرهێنانی عێراق گەیاندووە. ئاماژە بەوەش دەکات گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی فیدراڵیی عێراق و حکومەتی تورکیا، بوونە هاندەرێک بۆ کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا.
 
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان-Apikur، ساڵی 2023 لەلایەن ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتییانەی نەوت و گازەوە دامەزراوە کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن.
 
لە راگەیێندراوەکەدا کە رۆژی 28-08-2023 بڵاویانکردووەتەوە ئاماژەیان بەوەکردووە، کردنەوەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا هەنگاوێکی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان بۆ دەسپێکردنەوەی گرنگترین کەرتی پیشەسازی خۆی کە 80٪ـی ئابوورییەکەی لەخۆدەگرێت، هەروەها دەبێتە هۆی دەستپێکردنەوەی کاری کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکانیش لە قازانجی زۆربەی هاووڵاتییانی عێراق.
 
لەدوای راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان، تورکیا و عێراق چەند جارێک دانوستاندنیان لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.
 
رۆژی 22ـی ئابی 2023 حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، لەگەڵ ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا لە ئەنقەرە کۆبووەوە و دواتر هەردوولا راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کرابووەوە؛ دوای نۆژەنکردنەوەی بەشێک لە هێڵی بۆریی گواستنەوەی نەوت کە بەهۆی بوومەلەرزەکەی 6ـی شوباتی 2023 زیانی بەرکەوتووە، "گرنگە لە زووترین کاتدا دووبارە دەست بە هەناردەی نەوت بکرێت."
 
رێکخراوی ئەپیکور دەڵێت "راگرتنی هەناردەی نەوت لە رووی ئابوورییەوە زیانی بە هەموو لایەک گەیاند، لەوانەش، حکومەتی فیدراڵی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەبەرهێنەرە نێودەوڵەتییەکان و خەڵکی عێراق. لەو کاتەوەی هەناردەی نەوت راگیراوە لە کۆتاییەکانی مانگی ئادار، زیانە ئابوورییەکەی بە چوار ملیۆن دۆلار خەمڵێنراوە، ئەوەش زۆر زیاترە لەوەی عێراق لە یەکێک لەو پێنج داواکارییەی لە دادگەی نێوبژیوانی نێودەوڵەتیدا وەریگرتووە، ئەو زیانانەش لە میانەی گفتوگۆ سیاسییەکاندا زیاتر دەبن."
 
لە راگەیێندراوەکەی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستاندا هاتووە "تەنانەت ئەگەر هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە، کۆمپانیاکانی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان نەوت بەرهەمناهێنن تاوەکو دڵنیانەبنەوە لەوەی چۆن کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان بەگوێرەی رێککەوتنەکانیان، پارەکانیان لە هەناردەی نەوت لە رابردوو و داهاتوو وەردەگرنەوە."
 
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان سەبارەت بە دەرکردنی یەکەم یاسای نەوت و گاز، هەمان نیگەرانی هەیە و دەڵێ "لەگەڵ بودجەی ئێستای عێراق، تێدەگەین لەوەی رەشنووسی یاسای نەوت و گاز رەچاوی وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان یان بڕگەکانی تایبەت بە گرێبەست کە بوونەتە هۆی گەشەی ئابووری لە زیاتر لە 15 ساڵی رابردوو، نەکردووە. شکستی بودجەی عێراق و یاسای نەوت و گاز بۆ رەچاوکردنی وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی و گرێبەستکردن دەبنە هۆی زیاتر زیانگەیاندن بە کەشوهەوای وەبەرهێنانی عێراق."
 
بەپێی راگەیێندراوەکە "کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان متمانەی تەواوی هەیە؛ ئەمڕۆ چارەسەرێک بۆ قەیرانە بەردەوامەکان هەیە، ئێمە داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین چارەسەری بازرگانی سوودبەخشی هاوبەشی خۆیان بۆ هاندانی وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی و لە بەرژەوەندی هەموو خەڵکی عێراق یەکبخەن."
 
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) لەبارەی کۆمەڵەکەیەوە دەڵێت "ئامانجمان راکێشانی سەرنجی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت و گاز، وەبەرهێنەر و کۆمپانیاکانی خزمەتگوزارییە تاوەکو هەرێمی کوردستان بکەنە شوێنی وەبەرهێنان."
 
زیاتر لە پێنج مانگ بەسەر بڕیاری راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک تێپەڕیوە. بەپێی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، قەبارەی زیانەکە نزیک دەبێتەوە لە پێنج ملیار دۆلار.

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە