کۆمپانیای تۆیۆتا بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی لە نێوخۆی ژاپۆن راگرت

رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیا تۆیۆتا رایگەیاند لە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆوە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل لە 12 کارگەی کۆمپانیاکە رادەگرێت بەهۆی کێشەیەک لە سیستمی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکەدا.
 
کۆمپانیای تۆیۆتا، لەڕووی بەرهەمهێنانەوە بە گەورەترین کۆمپانیای جیهان هەژماردەکرێت، لە نێوخۆی ژاپۆندا 14 کارگەی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی هەیە و بەپێی راگەیاندنی کۆمپانیاکە، 12 کارگەیان دەوەستێنێت.
 
بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی تۆیۆتا لەکاتێکدا لە ناوخۆی ژاپۆن دەوەستێت، کە ئەو کۆمپانیایە لە ساڵی 2022ـدا زیاتر لە 8 ملیۆن ئۆتۆمبێلی بەرهەمهێناوە.
 
کۆمپانیای تۆیۆتا رایگەیاندووە هۆکاری کێشەی سیستمەکانیان بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە کە هاککرابن.
 
گوتەبێژێکی کۆمپانیای تۆیۆتا رایگەیاند کێشەی سیستمەکانیان بووەتە هۆی ئەوەی نەتوانن پارچەی ئۆتۆمبێلەکان داوا بکەن بۆ نێو کارگەکانیان.
 
بەپێی کۆمپانیای تۆیۆتا، بەرهەمی ناوخۆی کارگەکانی لە ژاپۆن، رێژەی یەک لەسەر سێی کۆی بەرهەمهێنانی جیهانیی تۆیۆتا پێکدەهێنێت.
 
هەرچەندە هۆکاری تێکچوونی سیستمی بەرهەمهێنانی تۆیۆتا دیار نییە، بەڵام کۆمپانیا ژاپۆنییەکان لە چەند رۆژی رابردوودا لە بەرزترین ئاستی هۆشداریدا بوون و بەپێی هەندێک راپۆرتێک، تەلەفۆن و نامەی زۆر بێزارکەریان بۆ چووە.
 
حکومەتی ژاپۆن رایگەیاندووە؛ ئەو بێزارکردن و تەلەفۆنانەی بۆ کۆمپانیاکان چووە، بە ئەگەری زۆرەوە لە چینەوە سەرچاوەی گرتووە، دوای ئەوەی لە هەفتەی رابردوودا حکومەتی ژاپۆن دەستی بە بەردانەوەی ئاوی بەکارهاتووی وێستگەی ئەتۆمیی فۆکۆشیما بۆ نێو ئاوی زەریاکان کرد.