نرخی یەک ئۆنسە زێڕ نزیکبووەوە لە 2400 دۆلار

رووداو دیجیتاڵ

نرخی ئۆنسەیەک زێڕ، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ نزیکەی 10 دۆلار بەرزبووەوە بە 2394 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
دابەزینی بەهای دۆلار و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا، هاوکات تەشەنەکردنی مەترسییە جیۆسیاسییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پاڵپشتییان دروستکردووە و بوونە هۆکار بۆ ئەوەی ئەمڕۆ (دووشەممە) لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکان لەم هەفتەیەدا، نرخی زێڕ نزیکببێتەوە لە ئاستی هەستیاری 2400 دۆلار.
 
هارێش مێنگانی، شرۆڤەکاری سەر بە پلاتفۆرمی ئێف ئێکس ستریت لەو بارەیەوە رایگەیاند "لەڕووی تەکنیکییەوە، بە ئەگەری زۆرەوە نرخی زێڕ ناتوانێت پارێزگاری لە ئاستی 2400 دۆلار بکات، بەو پێیەی نرخەکە لە خوارەوەی تێکڕای 50 رۆژی رابردووی خۆی مامەڵەی پێوە دەکرێت."
 
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە؛ ئاستی بەرگریی 2412 دۆلار، ئاستێکی بەهێزە کە بە ئەگەری زۆرەوە بە ئەستەم ئەمڕۆ نرخی زێڕ دەتوانێت، بیشکێنێت.
 
هارێش مێنگانی پێیوایە ئەگەر ئەو ئاستە نەشکێت و کڕیاران نەتوانن نرخی زێڕ بۆ سەرووی 2412 دۆلار بەرزبکەنەوە، ئەگەری هەیە نرخی کانزای زەرد دابەزێتەوە بۆ نزیکەی 2350 دۆلار.