نرخی نەوت بەهۆی هێرشی سەر بەرزاییەکانی جۆلان بەرزبووەوە

رووداو دیجیتاڵ

نرخی نەوت رۆژی دووشەممە، بەهۆی تەشەنەکردنی شەڕ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەرزبووەوە.
 
ئیسرائیل و ئەمریکا، حیزبوڵڵای لوبنانیان بە هێرشی سەر بەرزاییەکانی جۆلان تۆمەتبارکردووە و نیگەرانی هەیە شەڕ لەنێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا پەرەبستێنێت، ئەمەش وای کرد نرخی نەوت بەرزببێتەوە.
 
نەوتی برێنت ئەمڕۆ (دووشەممە، 29-7-2024) لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕ لەم هەفتەیەدا 20 سەنت بەرزبووەوە و بەرمیلێکی بە 81 دۆلار و 33 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 9 سەنت بەرزبووەوە و بە 77 دۆلار و 25 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
هەفتەی رابردوو نرخی نەوتی برێنت 1.8٪ـی بەهای خۆی لەدەستدا و نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بەڕێژەی 3.7٪ دابەزیبوو، ئەمەش بەهۆی کەمبوونەوەی خواستی چین، هەروەها ئەگەری ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و غەززە.
 
کابینەی ئیسرائیل دەستی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی ئاوەڵا کردووە کە کەی و چۆن وەڵامی هێرشەکەی سەر بەرزاییەکانی جۆلان بداتەوە، ئەو هێرشەی بووە هۆکاری گیانلەدەستدانی 12 منداڵ و مێرمنداڵ.
 
حیزبوڵڵای لوبنان بەرپرسیاریێتیی خۆی لە هێرشەکە نەگرتووەتە ئەستۆ.
 
تۆشیتاکا تازاوا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی فۆجیتۆمی سیکیۆریتی لەو بارەیەوە رایگەیاند، "مەترسی پەرەسەندنی شەڕ پاڵپشتی بۆ نرخەکانی نەوت دروستکردووە، بەڵام بەرزبوونەوەی نرخی نەوت سنوورداربووە بەهۆی کەمبوونەوەی خواست بۆ ئەو بەرهەمە ستراتیژییە."