ئەمریکا 5 ملیۆن دۆلار دەداتە هەرکەسێک زانیاریی لەسەر دامەزرێنەری وەن کۆین بداتێ

29-06-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمریکا 5 ملیۆن دۆلار وەک پاداشت دەدات لە بەرامبەر هەر زانیارییەک لەبارەی دامەزرێنەری 'وەن کۆین'. دەشڵێت، ئەو پارەیەی پێیەتی "بەشی کڕینی زۆر هاوڕێ" دەکات.
 
رۆجا ئیگناتۆڤا، دامەزرێنەری دراوی دیجیتاڵیی 'وەن کۆین'ـە و بە "شاژنی دراوە دیجیتاڵییەکان" ناسراوە. لە ساڵی 2014ـدا وەن کۆینی دروستکرد و لەو رێگەیەوە تاوەکو 2017، 4.5 ملیار دۆلاری کۆکردەوە. خۆی بووە ملیاردێر و دراوەکەش مایەپووچ بوو.
 
دراوەکە دوای ماوەیەک لە دروستبوونی بیتکۆین دروستکرا. بۆیە دامەزرێنەران ناویان لێنا "بکوژی بیتکۆین"، بەو واتایەی قازانجی زیاتر دەبێت لەو. حکومەتی ئەمریکا لە هەمان ساڵدا فەرمانی دەستگیرکردنی رۆجا ئیگناتۆڤای دەرکرد. 
 
لە ئۆکتۆبەری 2017ـدا ئیگناتۆڤا لە سۆفیای پایتەختی بولگاریا سواری فڕۆکە بووە بەرەو شاری ئەسینای یۆنان، بەڵام لەگەڵ سەرکەوتنە سەر فڕۆکەکە، چیدیکە نەبیندرایەوە.
 
بەشێک لە راپۆرتەکان دەڵێن، مافیاکانی بولگاریا دەستیان هەیە لە دیارنەمانی ئیگناتۆڤادا هەیە. بەشێکیش دەڵێن، رەنگە هەر مافیاکان کوشتبێتیان و تەرمەکەیان فڕێدابێتە نێو دەریاوە.
 
حکومەتی ئەمریکا لە ساڵی 2022ـدا رۆجا ئیگناتۆڤای خستە نێو لیستی 10 گەورەترین داواکراو. 100 هەزار دۆلاریشی وەکو خەڵاتی هەر زانیارییەک راگەیاند کە ببێتە هۆی دەستگیرکردنی.
 
دواتر ئەو خەڵاتە کرایە 250 هەزار دۆلار. ئێستاش بڕەکە 25 هێندە زیادکراوە بۆ 5 ملیۆن دۆلار. ئەمە بەپێی 'پڕۆگرامی پاداشتی تاوانە نێودەوڵەتییە رێکخراوەکان'ـی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا.
 
ئەمریکا دەڵێت، ئەو ژنە بولگارییە "یەکێک لە گەورەترین ساختەکارییەکانی مێژووی" کردووە.
 
وەن کۆین لە شاری سۆفیای پایتەختی بولگاریا دامەزراوە. حکومەتی ئەو وڵاتە دەڵێت، لە ئەگەری نائامادەیی رۆجاش، ئەوان حوکمی خۆیان دەدەن.
 
رۆجا ئیگناتۆڤا بە رەچەڵەک بولگارییە، بەڵام وڵاتینامەی ئەڵمانی هەیە.
 
نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا (FBI) دەڵێت، رەنگە ئیگناتۆڤا پاپسۆڕتی ئەڵمانی بەکاربهێنێت تاوەکو گەشتی وڵاتانی دیکەی وەک ئیمارات، رووسیا، یۆنان و رۆژهەڵاتی ئەورووپا بکات.
 
FBI لە پۆستەری داواکراویی "شاژنی دراوە دیجیتاڵییەکان" نووسیویەتی "بڕوامان وایە ئیگناتۆڤا لەگەڵ پاسەوانە چەکدارەکانی و/یان هاوکارەکانی گەشتی کردبێت. رەنگە ئیگناتۆڤا نەشتەرگەریی جوانکاریی کردبێت، یان بەشێوەیەکی دیکە گۆڕانکاریی بەسەر رووخساریدا هێنابێت".
 
دەشڵێت، "پارەیەکی ئێجگار زۆر کاشی پێبووە". ئەو پارەیە بە بەهای "کڕینی هاوڕێگەلێکی زۆر" دەکات.
 
لە ژیاندا ماوە؟
 
هەموو هەواڵەکان لەکاتێکدا دێن، دەنگۆی کوژرانی ئیگناتۆڤا هەیە؛ بەپێی چەند راپۆرتێک، مافیا بولگارییەکان کوشتوویانە. 
 
لە راپۆرتەکانی کوژرانی ئەو ژنە بولگارییە هاتووە، خۆشاردنەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر و داواکرانی لە لایەن حکومەتە گەورەکانەوە، مەترسیی لەسەر کارەکانی مافیاکان دروست دەکات.
 
لە ئەگەری زیندووبوونیشیدا، خەڵاتەکەی ئەمریکا ئەو کەسانەی کردووەتە ئامانج، کە لە ئەگەری مانەوەی لە ژیان، رەنگە ئیگناتۆڤا بپارێزن. 
 
بەرپرسانی ئەمریکا پێیانوایە ئەو بڕەی پێشتر رایانگەیاندووە، کەم بووە. ئێستا دەکرێت 5 ملیۆن دۆلار رای کەسانی دەوروبەری "شاژنی دراوە دیجیتاڵییەکان" بگۆڕێت. ئەنجامەکەشی لە هەفتەکانی داهاتوودا دەردەکەوێت.
 
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی 'نیویۆرک پۆست'ـیش، رۆجا ئیگناتۆڤا لە ژیاندا ماوە. بەپێی راپۆرتەکە، لە سەرەتای کانوونی دووەمی 2023ـدا، ئیگتانۆڤ شوقەیەکی لە ناوچەی کێنسینگتۆن لە لەندەن کڕیوە.
 
سەرەتا ئیگناتۆڤا ویستوویەتی بە ناوی کۆمپانیایێکەوە موڵکەکە بکڕێت، بەڵام بەپێی یاساکان پێویست بووە ناوی تەواوەتیی خاوەن موڵکەکە تۆماربکات نەک تەنیا ناوی کۆمپانیا.
 
وەک راپۆرتەکە دەڵێت، پارێزەرەکانی ئیگناتۆڤا بە فەرمی داوای موڵکەکەیان بە ناوی خۆیەوە تۆمارکردووە.
 
شووقەکە پێشتر هی کۆمپانیایەک بووە بە ناوی 'ئەبۆتس هاوس پێنتهاوس' لە ناوچەی گێرنسەی. ئەو ناوچەیەش بەوە ناسراوە چاودێریی حکومەتی لەسەر نییە و بە 'پەناگەی باج' ناودەبرێت. 
 
بەپێی راپۆرتەکە، ئەمە وایکردووە ئیگناتۆڤا لە تۆمارە فەرمییەکاندا بسڕێتەوە. راپۆرتەکە دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا نەهێنا. 
 
وەن کۆین چی بوو؟
 
کاتێک سەرەتا وەن کۆین دروستکرا، ئیگناتۆڤا بانگەشەی ئەوەی بۆ دەکرد وەکو پارە بۆ کڕین بەکاردێت. دەتوانیت لەنێو جزدانی ئەلیکترۆنیشدا دایبنێیت. 
 
دواتر ئاشکرا بوو کە دراوەکە ساختە بووە و بە هیچ 'بلۆکچەین' یان مۆدێلێکی پارەدانەوە نەبەستراوەتەوە.
 
جگە لەوەش، کۆمپانیاکە ساختەکاری لە تۆمارکردنی زانیارییەکان لە داتابەیسەکەیدا کرد. ڤیدیۆی ناڕاستی پێشاندەدا گوایە دراوەکە مامەڵەی پێوە دەکرێت.
 
دواتر لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوت وەن کۆین هەرگیز بازرگانیی پێوەنەکراوە. بۆ کڕینی هیچ شتێکیش بەکارنەهاتووە.
 
مامەڵەکردن بە دراوە بە شێوەی هەرەمی بوو؛ بەکارهێنەر دەبوو کەسی دیکە بهێنێت تاوەکو قازانجەکەی زیادببێت.
 
لەسەر ئاستی جیهاندا، ژمارەی بەکارهێنەرانی وەن کۆین گەیشتە زیاتر لە 3 ملیۆن و 500 هەزار کەس. 
 
بەپێی زانیارییە نافەرمییەکان، لە هەرێمی کوردستانیش نزیکەی 34 هەزار بەکارهێنەری دراوەکە هەبوون. ئەو پارەیەی هاونیشتمانییانیش خستیانە نێو کۆینەکە و بردرا، دەگاتە 100 ملیۆن دۆلار.
 
ساڵی رابردوو کارڵ سباستیان گرینود، هاوبەشی دامەزرێنەری 'وەن کۆین' لە لایەن ئەمریکاوە بە 20 ساڵ زیندانیکردن سزادرا. فەرمانیشی پێکرا 300 ملیۆن دۆلاری پارەی بەکارهێنەرانی دراوە دیجیتاڵییەکە بگەڕێنێتەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆلاری ئەمریکی؛ وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

دەروازەی وەرگرتنی دۆلار بە نرخی فەرمی لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی دەکرێتەوە

بانکی ناوەندیی عێراق لە 14ـی ئەم مانگەوە تەنیا لە فڕۆکەخانەکان دۆلار بە نرخی فەرمی دەداتە گەشتیاران. لقی بانکەکانی رافیدەین و رەشیدیش بۆ ئەم مەبەستە لە هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی دەکرێنەوە.