پەرلەمانتارێکى عێراق: 120 هەزار تۆن گەنم کراوە بە ئارد و دابەشکراوە کە بۆ ئالیکى ئاژەڵ دەشێت

29-06-2022
هەستیار قادر
A+ A-

هەستیار قادر 
رووداو - هەولێر

ئەندامێکى سەربەخۆى پەرلەمانى عێراق دەڵێت، 120 هەزار تۆن گەنمى "بەسەرچوو" تێکەڵ بە گەنمى نێوخۆیی کراوە و هاڕدراوە و بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشکراوە. دەشڵێت: "ئەو گەنمە بۆ ئالیکى ئاژەڵ دەبێت، لە پشکنینە و سکاڵامان داوەتە دەستەى دەستپاکیى عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لەو پرسە".
 
باسم خەشان، ئەندامى سەربەخۆى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "وەزارەتى بازرگانیی عێراق سێ بارى کەشتیى گەنمى ئەڵمانى کڕیوە کە دەگاتە 120 هەزار تۆن و شایستەى بەکارهێنان نین و بەسەرچوون، بەڵام بەڕێژەى 10% بۆ 40%ـى ئەو گەنمە تێکەڵ بە گەنمى نێوخۆیی کراوە بۆ ئەوەى بکرێتە ئارد و بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشکراوە، لەگەڵ ئەوەى ئەو گەنمە چوار بۆ پێنج ساڵ پێش ئێستا بەرهەمهێندراوە."
 
باسم خەشان ئاماژەى بەوە دا کە نرخى ئەو گەنمە بەهۆى خراپى کوالیتییەکەیەوە هەرزان بووە و ئیماراتى عەرەبی رەتیکردووەتەوە وەریبگرێت، بەڵام چەند "دەڵاڵێک" بازرگانێک بۆ عێراقیان هاوردەکردووە.
 
عێراق ساڵانە پێویستى بە نزیکەى شەش ملیۆن تۆن گەنمە بۆ بەشە ئاردى مانگانەى هاووڵاتییان و بەکارهێنانى دیکە لەنێوخۆدا، ئەمساڵ تێکڕاى بەرهەمى گەنمى نێوخۆیی گەیشتە دوو ملیۆن تۆن و ئەو کورتهێنانەى دیکەى لە لایەن وەزارەتى بازرگانییەوە بە هاوردەکردنى گەنم لە دەرەوە پڕدەکرێتەوە. 
 
باسم خەشان ئاماژەى بەوەش دا، کە ئێستا گەنمەکەیان داوەتە تاقیگەکان بۆ پشکنین و دڵنیابوونەوە و دەستەى دەستپاکیى عێراقیان لەو پرسە ئاگادار کردووەتەوە.
 
زۆربەی ئەو دانەوێڵەیەی کە ئەمڕۆ لە جیهاندا بەرهەمدەهێنرێت، لە دروستکردنی بەرهەمە خۆراکییەکاندا بەکارناهێنرێت، بەڵکو یان دەکرێتە ئالیک یان وەکو ماددەی خاو لە پیشەسازیدا بەکاردەهێنرێت. بە لەبەرچاوگرتنی ئەمە، ئاماری هاوردە دەربڕین لە سەرچاوەی ئەو گەنمە ناکەن کە بۆ ئەو نان و ئاردە بەکاردەهێنرێت کە لە فرۆشگاکان دەیانکڕین.
 
 بەگوێرەی کۆمەڵەی ئاشەڤانەکانی ئەڵمانیا، کەمتر لە 5٪ی دانەوێڵەی بەکارهاتوو لە دروستکردنی ئارددا، لە دەرەوە هاوردەکراوە. لە بارەی گەنمیشەوە، کوالیتی و بڕی ئەو گەنمەی لە ئەڵمانیا دەچێنرێت، هێندە باشن کە ئاشەڤانەکانی ئەڵمانیا تەنیا گەنمی کێڵگەکانی ئەڵمانیا بەکاردەهێنن. زۆربەی ئەو گەنمە لە هەرێمەکانی رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا و دوو هەرێمی هەرەگەورەی باڤاریا و ساکسۆنیی خوارووەوە دێت. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە