نرخی زێڕ زیاتر لە 20 دۆلار دابەزی

رووداو دیجیتاڵ

بە درێژایی رۆژ نرخی زێڕ بەردەوام بوو لە دابەزین و ئۆنسەیەکی بۆ کەمتر لە 2 هەزار و 340 دۆلار فرۆشرا.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ (چوارشەممە) نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 22 دۆلار دابەزی و بە 2 هەزار و 337 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
ئەمڕۆ هیچ داتایەکی ئابووری لە ئەمریکا بڵاونەکراوەتەوە کە کاریگەریی لەسەر نرخی زێڕ دانابێت، بەڵام داتا گرنگەکانی دوو رۆژی داهاتوو، هاوشان لەگەڵ لێدوانێکی دوێنێی بەرپرسێکی بانکیی ئەمریکا نرخی زێڕیان دابەزاندووە.
 
نیل کاشکاری، سەرۆکی لقی مینیپۆلیسی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، سیاسەتی نەختینەیی بانکەکەیان تووند دەمێنێتەوە. 
 
ئاماژەی بەوەشکرد، سیاسەتداڕێژەرانی ئەمریکا بە تەواوی ئەگەری بەرزکردنەوەی زیاتری رێژەی سوودیان رەتنەکردووەتەوە.
 
کاشکاری گوتیشی، "بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەبێت چاوەڕوان بکات تاوەکو پێشکەوتنی بەرچاو لە دابەزاندنی هەڵاوسان دێتە ئاراوە، بەر لەوەی بڕیار بدات سوودی بانکی کەمبکاتەوە."
 
لێدوانەکانی کاشکاری بەس بوو بۆ ئەوەی سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا و بەهای دۆلار بەرزبکاتەوە. ئەمەش بە زیانی زێڕ شکایەوە.
 
لێدوانەکەی کاشکاری هاوکات بوو لەگەڵ بڵاوکردنەوەی داتای تایبەت بە متمانەی بەکاربەران کە لە ئەمریکا زیادبووە. ئەویش بە هەمان شێوە نرخی زێڕی دابەزاند.
 
سەرنجی بازرگانان لەسەر داتای خەرجیی بەکارهێنانی کەسییە بۆ مانگی رابردوو لە ئەمریکا. ئامارەکە بە رێنیشاندەرێکی سەرەکی بۆ ئاستی هەڵاوسان دادەنرێت و بڕیارە رۆژی هەینی کاژێر 15:30 بە کاتی هەولێر بڵاوبکرێتەوە. 
 
لە مانگی ئاداردا خەرجییەکە 2.7٪ بووە. ئەگەر رۆژی هەینی رێژەکە لەوە کەمتر بێت، کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر زێڕ دەبێت و بە پێچەوانەشەوە.
 
هەروەها سبەی لە هەمان کاژێردا دوو داتای گرنگی دیکە لە ئەمریکا بڵاودەبنەوە؛ ئاماری گەشەی ئابووری و داواکاریی بیمەی بێکاری.