بەڕێوەبەری کارگێڕیی براندێکی بەنێوبانگی هۆتێل لە هەولێر: هەستدەکەم شارێکی زۆر سەقامگیرە

 
رووداو دیجیتاڵ

هەیات براندێکی بەنێوبانگی هۆتێلە و لە جیهاندا ناسراوە، 25 براندی هۆتێلی پێنج ئەستێرەی لە 71 وڵاتی جیهاندا هەیە. براندی ریجێنسی کە یەکێک لە بەنێوبانگترینەکانیەتی هاتووەتە هەولێر. هەیات ریجێنسی هەولێر لە 95 ژوور پێکدێت و هوتێلەکە 20 نهۆمی هەیە، 11 نهۆمی تایبەتن بە هۆتیل و 9 نهۆمیشی تایبەتن بە یەکەی نیشتەجێبوون.
 
تەرکان ئاکسۆی، بەڕێوەبەری کارگێڕیی هەیات ریجێنسی لە هەولێر دەڵێت، "هەیات براندێکی زۆر تایبەتە کە لە زۆربەی وڵاتان خزمەتگوزاری پێشکێش دەکات. زیاتر لە 1400 هۆتێلی لە جیهاندا هەیە. ئێمە سەردانیکارانمان زۆر لا گرنگە و باشترین خزمەتگوزارییان پێدەدەین."
 
بەڕێوەبەری کارگێڕیی هەیات ریجێنسی هەولێر بە "شارێکی مەزن" ناودەبات و دەڵێت، "چاومان لەوەیە پێشوازی لە ژمارەیەکی زۆر میوان بکەین لە هۆتێلەکەمان. هیچ گومانم نییە ئەم هۆتێلە سەرکەوتوو دەبێت و پێشوازی لە ژمارەیەکی زۆر میوان دەکات."
 
تاکان ئاکسۆی جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە هەولێر "هەست بە هیچ مەترسییەک" ناکات و ئاماژە بەوەش دەکات، "ماوەیەکە لێرە دەژیم و هەستدەکەم شارێکی زۆر سەقامگیرە، پێموایە هیچ هەڕەشەیەکی ئەمنی لەسەر ئەم هەرێمە نییە."
 
لەبارەی پرۆژەکەیانەوە لە هەولێر بەڕێوەبەری کارگێڕیی هەیات ریجێنسی لە هەولێر دەڵێت، "پلانی ئەم پرۆژەیە ساڵی 2008 دانرا. لەو کاتەدا شاری هەولێر لە گەشەدا بوو. ئەو کات باسی ئەوە دەکرا هەولێر وەکو دوبەیی لێدێت. ماوەیەکی پێچوو تاوەکو تەواوبوو، بەڵام پێموایە پڕۆژەیەکی زۆر گرنگە."
 
تاکان ئاکسۆی ئەوەی خستەڕوو، "بازرگان و دامەزراوەکان، هەروەها خێزان کە لە بەغداوە دێن و رەنگە کۆتایی هەفتە لێرە بەسەر ببەن. ئامانجمان هەموو ئەو کەسانەیە کە بیانەوێت لە شوێنێکی جوان و ئاسوودەدا بمێنێتەوە. رێستۆرانتێکیشمان هەیە کە خواردنی ئاسایی، بەڵام فرێش، پێشکێش دەکات. هۆڵی راهێنانی وەرزشیشمان هەیە میوانان دەتوانن لەوێ وەرزش بکەن؛ یان رەنگە بیانەوێت ماساژ بکرێن. کەواتە هەموو ئەو خزمەتگوزارییانە پێشکێش دەکەین وەکو هۆتێلەکانی دیکە."
 
لەبارەی نرخەکانیانەوە بەڕێوەبەری کارگێڕیی هەیات ریجێنسی لە هەولێر گوتی، "ئێمە لە بازاڕدا نرخ بەو جۆرە دادەنێین کە هەموو هۆتێلە پێنج ئەستێرەکانی دیکە دایانناوە. تێکڕای نرخ لە نێوان 200 بۆ 250 دۆلار دەبێت. ئەوە پشت بە قەبارەی ژوورەکە دەبەستێت. هەروەها ئێمە لە هۆتێلەکەمان کارتی ئەندامبوونیشمان هەیە کە وادەکات میوانان لە هەموو جیهانەوە بتوانن ببنە ئەندام و هەر کەسێک ببێتە ئەندام و خاڵ کۆبکاتەوە بۆی دادەشکێنین. تەنانەت بۆ ئەو ئەندامانەش کە تەنیا رێستۆرانتەکە بەکاردەهێنن."