رووداو دیجیتاڵ
سزادانی بانک و کۆمپانیاکانی دراو لەلایەن بانکی ناوەندییەوە زیادی کردووە، لەماوەی سێ مانگدا بە 138 ملیار دینار سزای داون.
بەپێی بەڵگەنامەکانی بانکی ناوەندیی عێراق لە ماوەی مانگەکانی کانوونی دووەم، شوبات و ئاداری ئەمساڵ، بانکەکە لە چوارچێوەی 49 سزای کارگێڕییدا 138 ملیار و 377 ملیۆن و 321 هەزار دینار سزای بەسەر ژمارەیەک بانک و دامەزراوەی دارایی سەپاندووە، بەبێ ئەوەی ژمارەی سەرپێچیکاران روونبکاتەوە.
هەرچەندە سزاکان بەدیاریکراوی رووننەکراونەتەوە، بەڵام لە مانگی کانوونی دووەم 17 بانک و کۆمپانیا، لە شوبات 17 و لە ئاداریشدا 15 بانک کۆمپانیا سزادراون.
لە مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ بانک و دامەزراوە داراییەکانی سەرپێچیکار بە بڕی 98 ملیار و 277 ملیۆن دینار سزادراون، لە مانگی شوباتدا بە 34 ملیار و 637 ملیۆن دینار، مانگی ئاداریش بە پێنج ملیار و 462 ملیۆن دینار بووە.
بڕی پێبژاردنەکانی ئەمساڵی بانکی ناوەندی بەبەراورد بە پێبژاردنەکانی ساڵی رابردوو زۆر زیاتر بووە. د. سەفوان قوسەی، راوێژکاری کۆمەڵەی بانکە تایبەتەکانی عێراق (بانکەکانی کەرتی تایبەت) رۆژی 29-04-2024 بە رووداوی گوت، "زۆرینەی ئەو سزا و سەرپێچییانە تایبەتن بە پرسی مامەڵەکردن بە دۆلار لە دەرەوەی رێنماییەکانی بانکی ناوەندی."
بە گوتەی ئەو راوێژکارە بەشێکی دیکەی پێبژاردنەکان پەیوەندییان بە پابەندنەبوونی بانک و دامەزراوە داراییەکانە بە سەرمایەکانیان.
ساڵی رابردوو، بەهۆی سەرپێچییەکانیانەوە، 402 سزای کارگێڕی بەسەر ژمارەیەک بانک و کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراودا بە پێبژاردن بە بڕی 150 ملیار دینار سەپاندووە.
بردنە دەرەوەی دۆلار، فرۆشتنی لە بازاڕی رەش و بردنی دۆلار بۆ ئەو وڵاتانەی لەلایەن ئەمریکاوە سزادراون، دیارترین ئەو سەرپێچییانەن بەشێک لە بانکەکانی عێراق و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراوی پێ تۆمەتبار دەکرێت و ئەمریکای ناچارکردووە بەشێکیان بخاتە لیستی سزاکانییەوە و لە پێدانی دۆلار بێبەشیان بکات.
ئەو سەرپێچیانەی کۆمپانیا و بانکەکان وایکرد لە رابردوودا بەهای دیناری عێراقی بۆ نزیکەی 170 هەزار دینار بەرامبەر بە 100 دۆلار دابەزێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ