ئەندامێکی کۆنگرێسی ئەمریکا بۆ رووداو: پێویستە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا بۆ هەناردەکردنی نەوت جێبەجێ بکرێت

29-04-2023
دیار کوردە @diyarkurda
کێڵگەیەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان. وێنە: رووداو
کێڵگەیەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان. وێنە: رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی کۆنگرێسی ئەمریکا داوای دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: پێویستە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت و "ناکرێت رێککەوتنەکە تەنیا لەسەر کاخەز بمێنێتەوە." 
 
ئێلیزا سلۆتکین، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا لەبارەی پرسی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و "نیگەرانیی" کۆمپانیا ئەمریکییەکان کە لە کەرتی وزەی هەرێمی کوردستاندا کاردەکەن بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''ئەم پرسە چەند جارێک هاتووەتە کۆنگرێس و وەزارەتی دەرەوە، بەڵام دەستووری عێراق دەڵێت، دەبێت داهاتەکەی بە هاوبەشیی بێت." 
 
ئێلیزا سلۆتکین دەشڵێت: ''هەوڵ دەدەم سەرنجی زیاتری حکومەتی ئەمریکا بخەمە سەر عێراق و گوشارێکی زیاتر هەبێت، هەر لە باڵیۆز و کۆنسوڵی گشتی تاوەکو وەزارەتی دەرەوە کار لەسەر ئەم پرسانە بکەن و کاریگەرییەکەیان لەسەر بەغدا بەکاربهێنن." 
 
لەسەر ئەو پرسە، وەک ئەو ئەندامەی کۆنگرێسی ئەمریکا دەڵێت، گفتوگۆ لە نێوان مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کورستان و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق هەیە، "پێویستە ئەوان ئەم رێککەوتنە بەرەوپێشەوە ببەن، ناکرێت رێککەوتنەکە تەنیا لەسەر کاخەز بمێنێتەوە.''
 
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ ئێلیزا سلۆتکین، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا
 
رووداو: ماوەیەک بەر لە ئێستا ناکۆکیی لە نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی هەناردەی نەوت هەبوو، ژمارەیەک کۆمپانیای ئەمریکیش لەوێ وەبەرهێنان دەکەن و دووچاری ناڕەحەتی زۆر کراونەتەوە، ئەوان نامەیان بۆ کۆنگرێس و وەزارەتی دەرەوە ناردووە تاوەکو کارێک بکەن و وابکەن هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی تورکیاوە دەستێبکاتەوە، ئێوە تائێستا وەکو کۆنگرێس چیتان کردووە؟
 
ئێلیزا سلۆتکین: ئەم پرسە چەند جارێک هاتووەتە کۆنگرێس و وەزارەتی دەرەوە، بەڵام دەستووری عێراق دەڵێت، "دەبێت داهاتەکەی هاوبەش بێت." من سێ جار لە عێراق لەگەڵ هێزەکانمان کارمکردووە، لەوێ بووم کە دەستوورەکە نووسراوەتەوە و پەسندکراوە، بۆیە پێویستە بەیەکسانی داهاتەکە بە هاوبەشی دابەشبکرێت، ئەوەی من هەوڵدەدەم بیکەم ئەوەیە سەرنجی زیاتری حکومەتی ئەمریکا بخەمە سەر عێراق و گوشارێکی زیاتر هەبێت، هەر لە باڵیۆز و کۆنسوڵی گشتی تاوەکو وەزارەتی دەرەوە کار لەسەر ئەم پرسانە بکەن و کاریگەرییەکەیان لەسەر بەغدا بەکاربهێنن. 
 
رووداو: تاوەکو چەند پشتیوانی لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان دەکەن؟
 
ئێلیزا سلۆتکین: لەبەر ئەوەیە زۆر گرنگە ئێمە بگەڕێینەوە بۆ دەستوور، پێموایە لەسەر ئەم پرسە گفتوگۆ لە نێوان سەرۆکوەزیران بارزانی و سەرۆکوەزیرانی سوودانی لە بەغدا هەیە، پێویستە ئەوان ئەم رێککەوتنە بەرەوپێشەوە ببەن و ناکرێت رێککەوتنەکە تەنیا لەسەر کاخەز بمێنێتەوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە