نرخی نەوت بە رێژەی 2٪ بەرزبووەوە

رووداو دیجیتاڵ 
 
نرخی نەوت رۆژی هەینی زیاتر لە 2٪ بەرزبووەوە، دوای ئەوەی بەهای پشکی کۆمپانیا نەوتییەکان لە ئەمریکا بەرزبوونەوە.
 
داتاکانی پەیوەست بە کەرتی وزەی ئەمریکا ئاشکرایان کرد، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەو وڵاتە رووی لە دابەزین کردووە لە کاتێکدا خواست بۆ بەرهەمە نەوتییەکان و سووتەمی زیادبووە.
 
رۆژی هەینی لە کاتی داخستنی بازاڕەکاندا، هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 1 دۆلار و 17 سەنت بەرزبووەوە و بە 79 دۆلار و 54 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە رێژەی 2.7٪ و زیاتر لە 2 دۆلار بەرزبووە و هەر بەرمیلێک بە 76 دۆلار و 78 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە رۆژی هەینیدا، بەڵام بۆ ماوەی دوو هەفتەی یەک لە دوای یەکە بەهۆی لاوازی داتا ئابوورییەکانی ئەمریکا نرخی نەوت لە ئاستی هەفتانەدا دادەبەزیت.
 
لەم نێوەندەدا بەتەنیا نرخی نەوتی برێنت ماوەی 4 هەفتەی یەک لە دوای یەکە رووبەڕووی دابەزین بووەتەوە.
 
فیل فلین، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (پرایس فیوچەرز گرووپ) رایگەیاند، " نیگەرانی لە سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا و تەشەنەکردنی قەیرانی بانکی بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی گوشار لەسەر نرخی نەوت دروستبێت."
 
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، سەرەڕای هەوڵەکانی حکومەت و بانکی ناوەندیی ئەمریکا بۆ رزگارکردنی بانکەکان لە قەیران، بەڵام قەیرانەکانی بانکی (فێرست ریپابڵیک) دووبارە بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی گومان لە رەوشی بانکەکانی ئەمریکا سەر هەڵبدات."
 
سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا بە گشتی دەبێتە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی خواست لەلایەن ئەمریکا کە گەورەترین بەکارهێنەری نەوتی خاوە لە جیهاندا.
 
هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە نزیکەی 1990 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت
 
رۆژی هەینی لە دوایین ساتی مامەڵەکانی هەفتەی رابردوو، نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بۆ نزیکەی 1990 دۆلار بەرزبووەوە.
 
نرخی زێڕ رۆژی هەینی بە زۆری ناجێگیر بوو و لەبەر بڵاوبوونەوەی داتا ئابوورییەکانی ئەمریکا لە 1975 دۆلارەوە تاوەکو 1999 دۆلار مامەڵەی پیوەکرا، بەڵام لە کاتی داخستنی بازاڕەکان هەر ئۆنسەیەکی بە 1989 دۆلار و 64 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی زێڕ لەم مانگەدا بەراورد بە بەرزترین ئاستەکانی خۆی نزیکەی 2.5٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینی.
 
لە کاتێکدا رۆژی 13ی ئەم مانگە نرخی زێڕ بەرزبووەوە بۆ 2050 دۆلار، بەڵام نیگەرانی لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی نرخی زێڕی لە کۆتایی ئەم مانگەدا دابەزاند بۆ نزیکەی 1990 دۆلار.
 
بانکی ناوەندیی ئەمریکا هەفتەی داهاتوو لە رۆژی 3 ی مانگی پێنجدا جارێکی دیکە کۆدەبێتەوە و بڕیار لەسەر سوودی بانکی دەدات.
 
بەپێی شرۆڤەکاران کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی بانکی ناوەندیی ئەمریکا کاریگەری بەرچاوی لە بازاڕە داراییەکان و بەتایبەت نرخی زێڕ دادەنێت.
 
بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان، بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە ساڵی رابردووەوە تائێستا 9 جار سوودی بانکی بەرزکردووەتەوە بۆ نزیکەی 5٪ ی ئێستا.
 
چاوەڕوان دەکرێت بانکی ناوەندیی ئەمریکا هەفتەی داهاتوو بە رێژەی 0.25٪ی دیکە سوودی بانکی بەرزبکاتەوە. ئەمەش دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و دابەزینی نرخی کاڵاو کانزاکان.
 
ئیدوارد مۆیا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ئواندا رایگەیاند، " داتاکانی پەیوەست بە هەڵاوسانی مانگی 3ی ئەمساڵ بازرگانانی بەو بڕوایە گەیاندووە کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا جارێکی دیکە سوودی بانکی بە رێژەی 0.25٪ بەرزدەکاتەوە."