رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی جەنگە بازرگانییەکانی ئەمریکا لەگەڵ کەنەدا و ئەورووپا؛ بیرە، کە خواردنەوەیەکی دڵخوازی ئەمریکییەکانە بەرەو کەمبوونەوە دەچێت.
جیم دیلای، خاوەن کۆمپانیای بیرەیە و لەبارەی پێناسی گومرگییەوە باس لەوە دەکات، "راستییەکەی ئەم پێناسیی گومرگییانە ئەوەندە بەخێرایی سەپێندراون و کاریگەرییان هەبووە، تەواوی بازاڕ دەیانەوێت تێبگەن لەوەی کاریگەریی درێژمەودای ئەو پێناسانانە چی دەبێت."
لەدوای گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، جەنگی بازرگانی نێوان ئەمریکا و کەنەدا دەستیپێکرد.
لە یەکی شوباتی ئەم ساڵ، دۆناڵد ترەمپ، 25٪ پێناسی گومرگی بەسەر بەرهەمەکانی کەنەدا سەپاند و هەڕەشەی کرد سەرەتای مانگی داهاتووش پێناسی زیاتر بەسەر کەنەدا بسەپێنێت.
لەبەرامبەردا 11ـی ئەم مانگە، کەنەدا 25٪ پێناسی گومرگی خستە سەر هەندێ لە بەرهەمەکانی ئەمریکا.
جیم دیلای دەڵێت، "بێجگە لە قووتوە ئەلەمنیۆمەکان، یەکێک لە کەرەستە گرنگەکانی بیرە، جۆی هاڕاوە، کە زۆربەی لە کەنەدا بەرهەمدەهێنرێ."
لەدوای رێکارە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ، هەریەک لە کەنەدا و ئەورووپا 25٪ پێناسی گومرگییان بەسەر بیرەی ئەمریکادا سەپاند.
مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لەبارەی مامەڵەی ترەمپ لەبواری ئابووریدا دەڵێت، "ئێستا سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت لەبنەڕەتەوە ئابووریی ئەمریکا بگۆڕێت، ئەمە بەواتای ئەوە دێت کە ئابووری ئێمە و هەموو جیهانیش کاریگەرییان لەسەر دەبێت، رێز لە بڕیارەکەی دەگرم، بەڵام کۆک نیم لەوەی چۆن ئەو کارە دەکات و لەو بڕوایەشدام لەگەڵ کات دەردەکەوێت ئەو بڕیارانە زیان بە کرێکارانی ئەمریکا دەگەیێنن."
ئەمریکا ساڵانە، 192 ملیۆن بەرمیل بیرە بەرهەم دەهێنێت، بەڵام لە چەند ساڵی رابردوودا، بەرهەمهێنانی بیرە لە ئەمریکا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی نەوەی نوێی ئەمریکی زۆر حەزیان لە بیرە نییە.
بەراورد بە دوو ساڵ لەمەوبەر، بەرهەمهێنانی بیرە نزیکەی 5٪ کەمیکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ