سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق: هەفتەی داهاتوو مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان خەرج دەکرێت

29-03-2024
شیراز رەئوف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق دەڵێت، نێوەڕاستی هەفتەی داهاتوو وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت، دادگەی فیدراڵیی عێراقیش روونکردنەوەیەک بۆ چارەسەری کێشەی مووچە بڵاو دەکاتەوە
 
رۆژی پێنجشەممە، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی کۆبووەوە. 
 
هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ ئاشکرای کرد، کۆبوونەوەکە تایبەتبووە بە کێشە تەکنیکی و کارگێڕییەکانی مووچە لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی.
 
لە کۆبوونەوەکەدا، وەکو هاوڕێ تۆفیق باسی دەکات، گفتوگۆ لەبارەی دوو دۆسیە کراوە کە خەرجکردنی مووچە لە رێگەی 'هەژماری من' و ئاشکرانەکردنی ناو و لیستی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بووە.
 
هاوڕێ تۆفیق رایگەیاند، وەزیری دارایی ئاماژەی بەوەداوە کە سەرجەم دامودەزگە ئەمنییەکانی عێراق و حەشدی شەعبی و سوپا لیستی ناوەکانیان لای وەزارەتی داراییە تەنیا 'هەواڵگریی نیشتمانی' نەبێت. هەروەها داوای کردووە هەمان سیستم لە هەرێمی کوردستانیش کاری پێبکرێت.
 
"هەر فەرمانبەرێک کە دادەمەزرێت لە عێراق و هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی ریزبەندیی هەیە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبری لیستی ناوی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان لیستی ئەو ریزبەندییەی ناردووە بۆ بەغدا و وەزارەتی داراییش ناردوویەتییەوە بۆ هەولێر و داوای کردووە دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان پێداچوونەوەی پێدا بکات و مۆر و واژۆی لیستەکان بکات دواتر بنێردرێتەوە بۆ بەغدا،" ئەمە هۆکاری دواکەوتنی مووچەی مانگی شوباتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بووە بە گوتەی هاوڕێ تۆفیق.
 
گوتیشی: هەرێمی کوردستان لیستی ریزبەندیی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی بە پەسندکراوی لەلایەن دیوانی چاودێریی داراییەوە دووبارە ناردووەتەوە بۆ بەغدا، بەڵام ئەمجارە لەبری وەزارەتی دارایی ئاراستەی دیوانی چاودێریی عێراقی کردووە تاوەکو ئەو دیوانە مۆری بکات بە ئامانجی دروستکردنی پارێزبەندییەکی یاسایی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق لە لێپێچینەوەی یاسایی و لەبەر رۆشنایی ئەو وردبینییەش سەرۆکوەزیرانی عێراق نووسراوێک دەکات بۆ وەزارەتی دارایی بۆ خەرجکردنی پارەکە. 
 
ئەو بەڕێوەبەرە دەشڵێت، "بۆیە چاوەڕوان دەکرێت رۆژانی سەرەتای هەفتەی داهاتوو ئەم رێکارانە هەمووی تەواوکرابن و لە نێوەڕاستی هەفتەکەدا وەزارەتی دارایی پارەکە بخاتە سەر هەژماری حکومەتی هەرێمی کوردستان."
 
 
ئەو گوتانەی بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە کاتێکدایە رۆژی پێنجشەممە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی راگەیاند.
 
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتی کۆماری عێراق باسی لەو لێکدانەوە جیاوازانە کرد کە بۆ بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی لەبارەی بە ئەلکترۆنی کردنی مووچە دەکرێن و گوتی: بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی لێکدانەوەی جیاواز هەڵدەگرێت و چەند بڕگە و مادەیەکی نێو بڕیارەکەش ناکۆکن.
 
گوتیشی: هەفتەی داهاتوو دادگەی فیدراڵی روونکردنەوە لەبارەی نێوەڕۆکی یاسایی و چۆنێتیی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی لەبارەی بە ئەلیکترۆنیکردنی مووچەوە دەدات.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فڕۆکەخانەی سلێمانی. وێنە: رووداو

هاوردەکردنی زێڕ لە رێگەی فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە کەمی کردووە

هاوردەکردنی زێڕ لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە کەمی کردووە. بەرپرسێکی پێوانەسازی و کۆنترۆڵی جۆری سلێمانی کەمبوونەوەی خواست لەسەر زێڕ بە هۆکارێکی کەمبوونەوەکە دەزانێت.