قوباد تاڵەبانی بۆ رووداو: دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان ئاڵۆزە و لەژێر گوشارێکی زۆرداین

رووداو دیجیتاڵ 

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، ئێستا دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان ئاڵۆزە و لەژێر گوشارێکی زۆردایە. دەشڵێت "لە وڵاتێکین پڕە لە کێشە و لە ناوچەکە و هەرێمیش بەهەمان شێوە پڕە لە کێشە. بۆیە دەبێت رەچاوی ئەو دۆخە بکەین و پێویستە ئارامیی ئابووری و سیاسی بگەڕێنینەوە بۆ هەرێمی کوردستان."
 
رۆژی سێشەممە 29-3-2022 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەشدارییکردن لە لووتکەی جیهانیی حکومەتەکان گەیشتە ئیمارات و لە هەڤپەیڤینێکدا لەبارەی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا لە بواری وزە وەڵامی چەند پرسیارێکی سەنگەر عەبدولڕەحمان، نێردراوی رووداوی دایەوە. 
 
سەبارەت بە دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان قوباد تاڵەبانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان ئاڵۆزە و لەژێر گوشارێکی زۆردایە، بۆیە دەبێت ئێمە بەردەوام بین لە هەوڵەکانمان بۆ باشترکردنی بارودۆخەکە."
 
سەبارەت بە بەشدارییکردنی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و شاندی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندەکانی دوبەی، قوباد تاڵەبانی گوتی "بێگومان گرنگە بەشداربین لەو کۆڕبەندانە، بۆ شاندەکەمان و وەزیرەکانمان. هەم بەشداردەبین لە پانێڵەکان وەک چۆن ئێستا بەڕێز سەرۆکی حکومەت لە پانێڵێکی گرنگ بەشداربوو و گوتەی خۆی پێشکێش کرد. لە هەمانکاتدا دیدگای فراوانترت دەداتێ لەسەر ئەو خاڵە گرنگانەی بۆ جیهان گرنگن."
 
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ قوباد تاڵەبانی
 
رووداو: کاک قوباد سوپاس کە لەگەڵمانی، بەشداریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندێکی ئاوا گەورە لە ئیمارات چۆن دەبینن و گرنگی بۆ ئێوە چییە؟
 
قوباد تاڵەبانی: بێگومان گرنگە بەشداربین لەو کۆڕبەندانە، بۆ شاندەکەمان و وەزیرەکانمان. هەم بەشداردەبین لە پانێڵەکان وەک چۆن ئێستا بەڕێز سەرۆکی حکومەت لە پانێڵێکی گرنگ بەشداربوو و گوتەی خۆی پێشکێش کرد. لە هەمانکاتدا دیدگای فراوانترت دەداتێ لەسەر ئەو خاڵە گرنگانەی بۆ جیهان گرنگن، ئێستا ئێمە لە دوبەین و کێشەی شەڕی رووسیا و ئۆکراینا کاریگەریی لەسەر جیهان و نرخی نان و ئارد، ئەوەی لێرە باسدەکرێت دۆزینەوەی چارەسەرە لەنێوان وڵاتەکان و شاندەکان. هەم بەشداریی خۆمان لەم کۆنفرانسە گرنگە هەم فرسەتە چەند وڵاتێکی دۆست لێرەن بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی خۆتیان لەگەڵ پتەو و بەهێز بکەی.
 
رووداو: لە پانێڵەکانی ئەمڕۆ و دوو رۆژی رابردوودا وزە و گازی سرووشتی و نەوت قسەی زۆری لەسەر دەکرێت، پێگەی هەرێمی کوردستان لەم بارودۆخە نوێیەی جیهان چییە؟ بە تایبەت دوای شەڕی رووسیا و ئۆکراینا و دەتانەوێت رۆڵی چیتان هەبێ وەک هەرێمی کوردستان؟
 
قوباد تاڵەبانی: بەڕای من نابێ بکەوینە نێو ئەو داوەی بگەڕێینەوە سەر گرنگیی نەوت و گاز، ئێمە وەک هەرێمی کوردستان دەبێ بەرەبەرە دووربکەوینەوە لە نەوت و گاز. راستە نرخی نەوت لەبەر چەند کێشەیەکی جیهانی بەرزبووەتەوە ئەگەر ئەمە ببێتە هۆی تەمبەڵبوونەوەی ئێمە و سبەی نرخەکە دابەزێت تووشی کێشە دەبینەوە. ئێستا کێشەی دیکەش دروستبووە، رەنگە ئێستا زۆر گرنگبێت بۆ هەرێمی کوردستان سوود لە زەوییە بە پیتەکەی ببینێت و گرنگی بە کشتوکاڵ بدرێت ئەمەش نەک تەنیا بۆ بازاڕی خۆمان و عێراق بەڵکو بۆ بازاڕەکانی جیهان گرنگی پێبدرێت و رەنگە لە داهاتوو بۆ ئێمە گرنگ بێت. راستە ئەمڕۆ کێشەی نەوت و گاز هەیە لە جیهان، بەڵام کێشەی خۆراکیش هەیە. بۆیە ئەگەر ئێمە مێشکی خۆمان کۆبکەینەوە لە بابەتی نەوت و گازدا دیسان پێموایە تووشی کێشەی 10 بۆ 20 ساڵی رابردوو دەبینەوە.
 
رووداو: وەزیری وزەی ئیمارات گوتی کە نرخی نەوت بەرزبووەتەوە بۆ ئێمە باشە لەبەرئەوەی ئەو پارەی دەستمان دەکەوێت ژێرخانی دیکەی لەبواری وزەی پاک پێبونیان بنێین. هەرێمی کوردستان چۆن سوود لەم وڵاتە پێشکەوتووانە دەبینێت و چیدەکات بۆ ئەمە؟
 
قوباد تاڵەبانی: ئێمە وەک هەرێمی کوردستان دەبێت سوود لە ئەزموونی وڵاتە پێشکەوتوو و سەرکەوتووەکان وەربگرین، پێموایە پشتبەستنی ئێمە بە نەوت بۆ داهات هەڵەیەکی گەورەیە و دەبێت بیرلەوە بکەینەوە چۆن بازاڕ گەشە بکات و چۆن وەبەرهێنان زیادبکات بە ناوخۆ و دەرەکی لە هەموو مەجالێکدا. ئیمارات لەبەرئەوە سەرکەوتوو نییە کە نەوتی هەیە لەبەرئەوەیە کە سیستەمی حکومڕانییەکەیان سەرکەوتووە و دەبێت بیر لە شێوازی بەڕێوەبردن بکەینەوە و چۆن خزمەتگوزارییەکانمان باشتر بکەین، راستە داهاتی نەوت یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەمە، بەڵام ئەوە تاکە چارەسەر نییە و بۆیە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتان بۆ ئێمە زۆر گرنگە. بە مەرجێک پەیڕەوی بکەین.
 
رووداو: لە کارنامەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبواری کشتوکاڵ و پیشەسازی و بواری دیکە دەبێت پشت بە خۆی ببەستێت، ئێستا کابینە نزیک دەبێتەوە لە کۆتاییەکەی، حکومەت لە سەتا چەندی کارنامەکەی جێبەجێکردووە؟
 
قوباد تاڵەبانی: لە هەندێک بواردا پێشکەوتنمان هەبووە بە تایبەت لە بواری کشتوکاڵ، ئەگەر سەیری ژمارەی پرۆژە پیشەسازییەکان بکەین کە لەم کابینەیەدا پێشکێشکراوە پیشاندەدات کە ئاراستەکەمان بەرەو هەرێمێکی پیشەسازی و کشتوکاڵی دەڕوا و بۆیە دیدگای حکومەت لەم بوارانەدا روونە.
 
رووداو: لە سەرۆکوەزیرانیش پرسیارکرا لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا دوای بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی لە بواری نەوت و گاز، بۆچوونی ئێوە چییە و پێتوایە بڕیارەکە کاریگەریی لەسەر کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان دەبێت؟
 
قوباد تاڵەبانی: دەبێت جارێک چاوەڕێ بکەین و بۆچوونی هەموومان لەسەر ئەوە روونە، ئێستا گرنگ نییە بۆچوونی من چییە، گرنگ ئەوەیە بڕیارێک دەرچووە ئەو بڕیارە بە دڵناییەوە کاریگەریی دەبێت لەسەر کەرتی وزە لە عێراق و هەرێمی کوردستان. ئێمەش بەردەوام دەبین لە کاری خۆمان و چاوەڕێی حکومەتی فیدراڵیی عێراق دەکەین بزانین چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو بڕیارە دەکەن. 
 
رووداو: دڵنیایتان داوەتە کۆمپانیاکانی نەوت کە کاری ئێوە یاساییە و بەردەوام دەبن لە کاری خۆتان؟
 
قوباد تاڵەبانی: بەڵێ، لەگەڵ هەموو کۆمپانیا نەوتییەکان پەیوەندی کراوە، راستییەکی دیکە هەیە کە هیچ کۆمپانیایەکی نەوتیی نێودەوڵەتیی نەهاتووە هەرێمی کوردستان بەبێ ئەوەی خۆی بێت و شاندی خۆیان بێن و هەڵسەنگاندن بۆ دەستووری عێراق و هەڵسەنگاندنی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان نەکەن. ئەوان ئەو ریسکەیان نەدەکرد کە کارکردنیان لە هەرێمی کوردستان یاسایی نەبوایە. بۆیە پێموایە کۆمپانیاکانی نەوت و گاز پشتیوانی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕیوە. خۆم لە پێشتر گوتوومە و ئێستاش دەیڵێمەوە کە من گەشبینم و ئەوە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی بتوانین بگەینە رێککەوتنی یەکلاییکەرەوە لەگەڵ حکومەتی عێراق لە بواری نەوت و گاز، لە چوارچێوەی یاسا بگەینە رێککەوتنێک کە مافی هەرێمی کوردستان پارێزراوبێت و شتێک نەمێنێت لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بەناوی کێشەی نەوت. وەکو دوو حکومەت مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەت بکەین و هەمووشتێک بە رەشبینی نابیبم. 
 
رووداو: بارودۆخی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان چۆنە؟
 
قوباد تاڵەبانی: بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان ئاڵۆزە و لەژێر گوشارێکی زۆردایە، بۆیە دەبێت ئێمە بەردەوام بین لە هەوڵەکانمان بۆ باشترکردنی بارودۆخەکە. 
 
رووداو: کاک قوباد باسی دۆخی دارایی حکومەت دەکەم، دۆختان باشە ئێستا یان..؟
 
قوباد تاڵەبانی: منیش دەڵێم دۆخەکە ئاڵۆزە و کوردییەکەم باشە، دۆخەکە ئاڵۆزە و حکومەتی هەرێمی کوردستان گوشاری لەسەرە و دۆخەکە بە گشتی نالەبارە، وڵاتێکین پڕە لە کێشە و لە ناوچەکە و هەرێمیش بەهەمان شێوە پڕە لە کێشە. بۆیە دەبێت ئێمە رەچاوی ئەو دۆخە بکەین و دەشبێت ئارامییەکی ئابووری و سیاسیی بگەڕێنینەوە بۆ هەرێمی کوردستان.