بەشیر حەداد: داهاتی نەوتی عێراق بەشی مووچەی فەرمانبەران ناکات

 
رووداو - هەولێر

پەرلەمانی عێراق دڵنیایی دەدات لە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان و دەڵێت، تاوەکو ئەوکاتەی عێراق توانای دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی خۆی هەبێت، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش دەنێرێت.
 
بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە نووڕۆژی دۆستان رایگەیاند "عێراق بە دابەزینی نرخی نەوت گورزێکی ئابووریی گەورەی بەرکەوتووە، داهاتی نەوتیش بەشی مووچەی فەرمانبەران ناکات".
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێیوایە ئەگەر دۆخی دارایی عێراق بەو شێوەیە بەردەوامبێت، پێویستە دەست بۆ دراوی یەدەگ ببات، مانگانە ملیارێک دۆلاری لە فرۆشتنی نەوت دەستکەوێت بۆ مووچەی فەرمانبەرانیش پێویستی بە سێ ملیار و 500 ملیۆن دۆلارە.
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق باس لە هەوڵێکی پەرلەمان دەکات بۆ پابەندکردنی حکومەتی عێراق بە دابینکردنی بڕە پارەیەک کەمتر نەبێت لە 250 هەزار دینار بۆ کەمدەرامەت و هەژاران لە ماوەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، لەکاتێکدا خەڵک بێکاربوون و بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆ لە ماڵەکانیان دانیشتوون.
 
بەپێی گوتەی بەرپرسانی عێراق، وڵاتەکە بە قورسترین دۆخی سیاسی و ئابووری و تەندروستیدا دەڕوات لە 17 ساڵی رابردوو، کۆرۆنا یەخەی گرتووە، قەیرانی سیاسی و حکومەتی کاربەڕێکەری هەیە، دۆخی داراییشی خراپە و دابەزینی نرخی نەوت گورزی کوشندەی لێ داوە.