عێراق دەست بەهاوردەکردنەوەی برنجی تایلەند دەكات
رووداو-Oryza
بەرێوەبەری بازرگانی دەرەكی تایلەند رایگەیاندووە، كە عێراق هاوردەكردنی برنجی ئەو وڵاتەی دەسپێكردووەتەوە.
وەزارەتی بازرگانی عێراقیش رایگەیاندووە، رێگە بە هاوردەكردنی برنجی تایلەند دەدات و رێگە بە بازرگانان دەدات لە تەندەرەكانی كڕینی برنجدا، برنجی تایلەند پیشكەش بە بازار بكەن.
عێراق بازاڕی 445 هەزار تۆن برنجی تایلەند بووە لە ساڵی 2012 دا و بەرامبەر بە ساڵی 2011، ئەو قەبارەیە بە رێژەی لەسەدا 35 بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی.
سەرەرای ئەوە، لە چارەگی دووەمی ساڵی 2013، عێراق هاوردەكردنی برنجی تایلەندی بە هۆی كەموكورتی لە كێشی برنجەکە و دابەزینی كواڵیتییەکەی، راگرت.
پاش چەندین كۆبوونەوەی نێوان شاندی وەزارەتی بازرگانی عێراق و بەرپرسانی تایلەندی، ئێستا عێراق دیسان رێگەی بە هاوردەكردنی برنجی تایلەند داوە.
بەرپرسی بازرگانی دەرەكی تایلەند هەروەها رایگەیاندووە، كە ئەو كێشەیەیان لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی چارەسەركردووەو مانگی داهاتوو نوێنەری عێراق سەردانی ئەو وڵاتە دەكات بۆ چاودێریكردنی هاوردەكاری برنجی تایلەند بۆ عێراق.