لە باشماخ دەست بەسەر 50 هەزار لیتر سووتەمەنیی قاچاخدا گیرا

29-01-2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە نزیک دەروازەی سنووریی باشماخی پارێزگای سنە، دەست بەسەر بڕێکی زۆر بەنزینی قاچاخدا گیرا، بەڕێوەبەری کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی باشماخ دەڵێت، پەیوەست بە دۆسیەکە دەست بەسەر 15 ئۆتۆمبێلیشدا گیراوە.
 
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 29-01-2025) جەلال حەمەحەسەنی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە باشماخی سەر بە مەریوانی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، رایگەیاند تیمەکانیان لەکاتی پشکنیندا لە گوندی باشماخ، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پاسەوانی سنوور، پۆلیس و گومرک، دەستیان بەسەر 50 هەزار لیتر بەنزینی قاچاخدا گرتووە.
 
بەگوتەی جەلال حەمەحەسەنی، لەو گوندەدا کە دەروازەی سنووریی باشماخی لێیە، 15 ئۆتۆمبێل بە بەرمیلەوە دەستیان بەسەردا گیراوە کە بۆ بەقاچاخبردنی سووتەمەنی بەکارهێنراون.
 
بەڕێوەبەری کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان ئەوەشی خستەڕوو، لە کاتی پشکنینەکەدا؛ چەندین کۆگەی شاردنەوەی سووتەمەنیی قاچاخیان لە باشماخ دۆزیوەتەوە، دوای کردنەوەی پەڕاوی لێکۆڵینەوە، خاوەنەکانیان رەوانەی دەسەڵاتی داد کراون.
 
دەروازەی سنووریی باشماخ دەکەوێتە نێوان قەزای پێنجوێنی پارێزگای سلێمانی و شاری مەریوانی سەر بە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە خاڵێکی سنووریی گرنگە لەنێوان ئێران و هەرێمی کوردستان.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە