ئابووری

بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری: لە هەموو پەلەوەرخانەکان پشکنین دەکرێت و تاوەکو ئێستا هیچ نەخۆشییەکی ئەنفلۆنزا دەرنەکەوتووە
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند، سبەی گواستنەوەی بەرهەمە پەلەوەرییەکان لە ناوخۆ ئاسایی دەبێتەوە.
رابەر محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (چوارشەممە، 29-1-2025) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای ئەوەی عێراق هاوردەکردنی پەلەوەر و بەرهەمەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ پارێزگەکانی دیکەی عێراق قەدەخە کرد، فشارێکی زۆر لەسەر پڕۆژەکان دروستبوو، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی کێشەی ساخکردنەوەی بەرهەمەکان."
پەلەوەرخانەکانی هەرێمی کوردستان 30٪ـی پێداوستییەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق پڕدەکەنەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری دەڵێت، "قەدەخەکردنی بەرهەمە پەلەوەرییەکان بۆ عێراق وایکرد فشار لەسەر خاوەن کێڵگەکان دروست بێت، چونکە بەرهەم زۆرە و خواست کەمە."
دوای ئەوەی ''تیمەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ هەستیان کرد هەڵاوسان دروستبووە'' بەگوتەی رابەر محەممەد "بەپێی بەرنامەی داڕێژراو، بەرهەمەکانی ناوخۆیان بەسەر شارەکانی هەرێمی کوردستان دابەش کرد."
رابەر محەممەد هەروەها دەڵێ "لە سبەیەوە گواستنەوە بەرهەمە پەلەوەرییەکان لە نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان ئاسایی دەبێت، بەڵام بە مەرجێک هەر شوێنێک بیەوێت بەرهەم بگوازێتەوە بۆ شارێکی دیکە، نووسراوی فەرمانگەی ڤێتێرنەریی ئەو سنوورەی لابێت، ئەو کاتە رێگە بە گواستنەوەی بەرهەمەکان دەدرێت."
نزیکەی دوو هەزار پەلەوەرخانە لە هەرێمی کوردستان دا هەن. بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری دەڵێت، "لە هەموو پەلەوەرخانەکان پشکنین بۆ پەلەوەرەکان دەکرێت و تاوەکو ئێستا هیچ نەخۆشییەکی ئەنفلۆنزا دەرنەکەوتووە."
27-1-2024، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "بە فەرمانی عەباس جەبر مالیکی، وەزیری کشتوکاڵ، وەزارەتی کشتوکاڵ لە رێگەی فەرمانگەی ڤێتێرنەرییەوە هاتنی پەلەوەر و بەرهەمەکانی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق قەدەخە کردووە."
لە راگەیێندراوکەدا هاتووە "ئەم بڕیارە رێکارێکی خۆپارێزیی کاتییە، تاوەکو دۆخی نەخۆشی لە هەرێمی کوردستان روون دەبێتەوە و ئەنجامی پشکنینی تاقیگەیی دەردەچێت، کە دڵنیایی دەدات پڕۆژەکانی پەلەوەر لە هەرێمی کوردستان لە ئەنفلەوەنزای باڵندە پاکن."
ساڵانە هەرێمی کوردستان نزیکەی 250 هەزار تۆن گۆشتی مریشک بەرهەمدەهێنێت، لەکاتێکدا پێداویستیی ساڵانەی ناوخۆی 146 هەزار تۆنە. ئەوەی لە پێداویستیی نێوخۆ زیاترە، هەناردەی پارێزگاکانی عێراق دەکرێت.
عێراق ساڵانە پێویستیی بە یەک ملیۆن تۆن گۆشتی مریشکە، بەڵام بەرهەمی ناوخۆی 350 هەزار تۆنە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ