کێ یاساى نەوت و گازى عێراقى پەکخستووە؟

29-01-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
دیمەنی پانێڵەکە
دیمەنی پانێڵەکە
نیشانەکردن کۆنفرانسی وزەی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

زیاتر لە دوو ساڵە، بڕگەیەکى کارنامەى حکومەتى ئێستاى عێراق بۆ داڕشتنى پڕۆژەیاساى نەوت و گاز جێبەجێ نەکراوە، جێگرى سەرۆکى لیژنەى نەوت و گازى پەرلەمان، ئۆباڵى دەرنەکردنى یاساکە دەخاتە ئەستۆى ئەوانەى بە "پەکخەرى مادە دەستوورییەکان" ناویان دەبات.
 
پرسی گەڵاڵەنەکردنى پڕۆژە یاسای نەوت و گاز، تەوەرى گفتوگۆى یەکێک لە پانێڵەکانى دووەمی رۆژى کۆنفرانسى وزە بوو، کە ئەمڕۆ (چوارشەممە، 29ـی کانوونى دووەمى 2025) لە بەغدا بەڕێوەچوو.
 
عەدنان جابرى، جێگرى سەرۆکى لیژنەى نەوت و گازى پەرلەمانى عێراق لە پانێڵەکەدا گوتى "ئەوەى پڕۆژەیاساى نەوت و گازى پەکخست، هەر ئەوانە بوون کە چەندین مادەى دەستوورییان پەکخستووە و پێیانوایە ئەگەر دەرفەت بدەنە هەرێمى کوردستان یان ئەو هەرێمانەى لەداهاتوو پێکدەهێندرێن، ئەگەر هەیە دەسەڵاتى بەسەر ئەو سامانە و وەبەرهێنانەکەی بسەپێنێت، ئەو پەکخستنە پەیوەندەیی بە دۆخى سیاسى و بیرکردنەوەى تەسکى چەند بڕیاربەدەستێکەوە هەیە". 
 
بەگوێرەى کارنامەى حکومەتى ئێستا عێراق، کە لە 27ـی تشرینى یەکەمى 2022 لە پەرلەمان دەنگى لەسەر درا، دەبووایە پڕۆژەیاسای نەوت و گاز ئامادە بکرێت، بۆ ئەوەى لە پەرلەمان دەنگى لەسەر بدرێت.
 
عەدنان جابرى گوتى "مادەى دەستووری هەیە کە رێگە بە پارێزگایەک یان چەند پارێزگایەک دەدات، هەرێمێکى فیدراڵى پێکبهێنن."
 
بەگوێرەى بڕگەى یەکەمى مادەى 112ـی دەستوور، ئیدارەدانى کەرتى نەوت بەهاوبەشى لەگەڵ حکومەتى هەرێمەکان و پارێزگاکان دەبێت و، ئەوەش بە یاسا رێکدەخرێت، کە مەبەست لێى یاساى نەوت و گازە.
 
جێگرى سەرۆکى لیژنەى نەوت و گازى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، "کێشەى گەورە" لەنێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى دا لەسەر پرسی نەوت هەیە، بەڵام کێشەى دیکەش لەنێوان پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانى نەوت و گاز لەگەڵ حکومەتى فیدراڵیدا هەیە.
 
عەدنان جابرى گوتى "هەموو حکومەتەکان بەشدارییان بە پارێزگاکان لە بەڕێوەبردنى کەرتى نەوت، وەک ئەوەی لە دەستووردا هاتووە نەکردووە."
 
تائێستا دوو کۆپیی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز لە ساڵانى 2007 و 2011 ئامادەکراون، بەڵام بەهۆى ناکۆکیی سیاسى لەبارەى ناوەڕۆکەکەى، بەتایبەت لە نێوان هەولێر و بەغدا، نەتوانراوە هیچکام لەو دوو پڕۆژەیاسایە تێپەڕێندرێن. 
 
سەباح سوبحى، ئەندامى لیژنەى نەوت و گازى پەرلەمانى عێراق لە پانێڵەکەدا ئاماژەى بەوە دا لەو پڕۆژە یاسایانەى پێشوو، تایبەتمەندییەکانى وەزارەتى نەوت لەگەڵ سیستمى فیدراڵیی عێراق نەدەگونجا، کە لەسەر بنەماى هاوبەشیی راستەقینەیە.
 
سەباح سوبحى گوتیشی "هەندێک یاسای پەیوەندار بە کەرتى نەوت هەن، کە پەکخراون یان کۆنن و لەگەڵ شێوازى کارگێڕیی ئێستاى ئەو کەرتە ناگونجێن." 
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، وێنە: AFP

ترەمپ ئەنجوومەنی نیشتمانیی باڵادەستیی وزەی دامەزراند

سەرۆکی ئەمریکا لەڕێگەی بڕیارێکی سەرۆکایەتییەوە ئەنجوومەنێکی نیشتمانیی نوێی دامەزراند لەپێناو باڵادەستیی وزە بۆ ئەوەی ئەمریکا بتوانێت لە رکابەرییدا لەگەڵ چین لە بواری ژیریی دەستکرد، سەرکەوتوو بێت.