رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت، 1500 کیلۆوات کاژێرێکی مانگانە بە 10 دینارە، کە ئەوەش هەرزانترینە و هیچ وڵاتێک نییە لە جیهاندا بەو نرخە کارەبا بە هاووڵاتییانی بدات.
کۆنفرانسی وزەی عێراق لە بەغدا بەڕێوەدەچێت و تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیاییە. لە کۆنفرانسەکەدا پرسی ژینگە، سەرچاوەکانی وزە و فرەیی ئابووریی عێراق تاوتوێ دەکرێن.
"هێڵی پێکەوەبەستنی کەنداو لە کۆتایی ساڵ دەکەوێتەکار"
ئەمڕۆ چوارشەممە 29-01-2025 لە دووەم پانێڵی رۆژی دووەمی کۆنفرانسەکەدا، عەبدولحەمزە عەبوود، راوێژکاری وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، "دۆخی کارەبا لە عێراق لە ئاڵنگاریی گەورەی بەردەوامدایە، لەنێویشیاندا دۆخی ئەمنی و سیاسی. دەزانین بەشێکی کارەبا و گاز لە چەندین وڵاتی جیاواز هاوردە دەکەین، ئەوەش بۆئەوەی پشت بە تەنیا وڵاتێک نەبەستین بۆ کارەبا، چونکە ئەگەر پشت بە تەنیا وڵاتێک ببەستین، ئەو کات ئەگەر کێشەیەکی ئەمنی و سیاسیمان بۆ دروستبوو، ئەوا هەموو کارەکانیش رادەوەستن."
عەبدولحەمزە عەبوود باسی لەوە کرد، "لە ماوەکانی رابردوودا لەگەڵ وڵاتانی کەنداو، تورکیا و ئێران کۆبوونەوە و دانیشتنمان هەبوو. ئێستا هێڵی تورکیا و ئوردن کار دەکەن، بەڵام بڕەکان دیاریکراون، بۆ نموونە هێڵی تورکیا 400 مێگاوات تێناپەڕێنێت، ئوردنیش 150 مێگاوات تێناپەڕێنێت. هێڵی پێکەوەبەستنی کەنداویش کە کۆتایی ئەم ساڵ دەکەوێتەکار، 500 بۆ 1000 مێگاوات لە رێگەیەوە هاوردە دەکەین."
لەبارەی گرنگیی هێڵی کەنداو عەبوود ئاماژەی بەوە کرد، "ئەوەی لە هێڵی کەنداودا باشە ئەوەیە، نرخ بەگوێرەی سەکۆی وڵاتانی هاریکاریی کەنداوی عەرەبییە، بە جۆرێک عێراق تەماشای سەکۆکە دەکات و کام نرخەی گونجاو بوو، بۆ ماوەی شەش مانگ گرێبەستی لەگەڵ دەکات. هێڵی سعودیەش رەنگە ساڵ و نیوێکی دیکە تەواو ببێت."
تەکنەلۆجیایەکی نوێی جیهانی لە وێستگەکانی بەرهەمهێنان بەکاردێت
رەشید جەنابی، سەرۆکی کۆمپانیای جی ئی لە عێراق، لە پانێڵەکەدا گوتی، "ساڵی رابردوودا دەستکەوتی گرنگ هەبووە و نزیکەی 8 گێگاوات لە سیستمی بەرهەمی وەزارەتی کارەبا چاککراوەتەوە، هەروەها 46 یەکەی بەرهەمهێنانیش لە 12 وێستگە نوێکراونەتەوە، بەهۆیەوە 50 مێگاوات بەرهەم زیادیکردووە."
بە گوتەی رەشید جەنابی، "چاککردنەوەکان کاریگەریی ئەرێنیی زۆریان هەبووە. بۆ نموونە، لە وێستگەی بەسمایە یەکەکان بە تەکنەلۆژیای AGP نوێکراونەتەوە، کە ئەوە 6%ی توانای هەر یەکەیەکی زیادکردووە، جگە لەوەی کە ئەو رێکارە جیهانییە و دەردانی کاربۆنی بە رێژەی نیو ملیۆن تۆن کەمکردووەتەوە، بۆیە ئەم رێکارەی وەزارەتی کارەبا گرتوویەتیەبەر کاریگەریی ئەرێنیی گەورەی لەسەر دۆخی ژینگەی وڵات دەبێت. هەروەها 6 وێستگەی لاوەکی لە ساڵی 2024 کەوتوونەتەکار و پێش هاوینی 2025یش چەندین وێستگەی دیکە دەکەونەکار."
جەنابی راشیگەیاند، "پشتبەستن بە بەرهەمهێنانی کارەبا لە یەکە تۆرباینەکان، کە کاری لەسەر دەکەین، 53%ی دەردانی گازەکان کەمدەکاتەوە، هەروەها کۆمپانیاکەمان بڕی 16 هەزار مێگاواتی بۆ سیستمی بەرهەمهێنان زیادکردووە و 30 وێستگەی لاوەکیشی بۆ سیستمی گواستنەوە زیادکردووە."
"نرخی کارەبا لە عێراق کەمترینە"
راوێژکاری وەزارەتی کارەبا دەڵێت، "1500 کیلۆوات کاژێرێکی مانگانە بە 10 دینارە، کە هیچ وڵاتێک نییە لە جیهاندا بەو نرخە کارەبا بە هاووڵاتی و بەکارهێنەرانی بدات. لە 1500 کیلۆواتەوە بۆ 3000 کیلۆوات بە نزیکەی 35 دینارە، لە 3000ەوە بۆ 4000 کیلۆوات بە 80 دینارە، لە 4000 بەرەو سەرەوە بە 120 دینارە. ئێمە تێچووی گواستنەوەمان 120 دینارە، واتە هاووڵاتییەک ئەگەر 4000 کیلۆوات بەکاربهێنێت، ئینجا یەکسانە بە تێچووی گواستنەوە."
عەبدولحەمزە عەبوود دەڵێت، "یەکێکی دیکە لە ئاڵنگارییەکان زیانە تەکنیکی و ناتەکنیکییەکانن، گەورەترین ئاڵنگارییش زیانە ناتەکنیکییەکانن، کە پێی دەگوترێت کارەبای دزراو، ئەوەش ئەو کارەبایەیە کە ناپێورێت، هۆکارەکەشی بۆ سەرپێچیی بەکارهێنەران و کەمتەرخەمیی لایەنی دابەشکار دەگەڕێتەوە. لە عێراق بڕێکی زۆر کارەبامان بەبێ چاودێریی وەزارەت و لایەنەکان بەفیڕۆدەچێت."
بە گوتەی راوێژکارەکەی وەزارەتی کارەبا، "پێویستە رێگەکانی سەرپێچی لە کەرتی کارەبا بنبڕ بکرێن، بۆئەوەی لۆدی سەر کارەبا کەم بکرێتەوە و بە تەواوییش بڕی بەرهەم و خواستمان بۆ روون ببێتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ