رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ ئەمڕۆ چوارشەممە بەرزبووەوە، ئەوەش دوای ئەوەی رۆژی رابردوو بەهۆی شەپۆلی فرۆشی پشکی کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیا دابەزیبوو.
سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی دانانی پێناسی گومرگی بەسەر هاوبەشەکانیدا دووبارە کاریگەریی لەناو بازاڕی زێڕ دروستکردووە و نرخی زێڕی بەرز کردووەتەوە.
لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بە رێژەی 0.8% بەرزبووەوە بۆ 2762 دۆلار.
نرخی زێڕ رۆژی سێشەممە بە ریژەی 1% بەهای خۆی لەدەستدابوو، دوای ئەو هەرایەی کە چاتبۆتی دیپسیک لە بازاڕەکاندا دروستیکردبوو.
دانیەل پاڤیلۆنیز، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (ئاڕ جی ئۆ) فیوچەرز لەوبارەیەوە رایگەیاند، "ئەوەی نرخی زێڕی بەرزکردووەتەوە، تێکەڵێکە لە لێدوانەکانی رۆژی دووشەممەی ترەمپ سەبارەت بە پێناسی گومرگی و مەترسییە جیۆسیاسییەکان و پێشبینییەکان بۆ بەرزبوونەوەی هەڵاوسان."
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، پێناسی گومرگی لەسەر هاوردەکردنی چیپی ئەلێکترۆنی، دەرمان و ئاسن دەسەپێنێت، بۆئەوەی بەرهەمهێنەری ئەو کاڵا و کەرەستانە هانبدات لە ئەمریکا بەرهەم بهێنن.
سیاسەتە ئابووری و بازرگانییەکانی ترەمپ مەترسیی دروستکردووە لەسەر سەرهەڵدانی شەڕی بازرگانی و بەو هۆیەشەوە خواستی لەسەر کڕینی زێڕ لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە دروستکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ